نها وادەی کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی ئاشکرا دەکات
نها نیوز - هەواڵەکان
ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق لەڕێگای نهاوە وادەی کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەینێت، لەم هەفتەیەشدا کۆبوونەوەی دادگاکە بۆ بڕیاردان لەسەر دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ ناردنی مووچە ناکرێت، بەهۆی نەگەڕانەوەی یەکێک لە دادوەرە سەرەکییەکانی دادگاکە و دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو.
ئەمڕۆ سێ شەممە، چرۆ حەمەشەریف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نها نیوز ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ دادگای فیدڕاڵی کۆنابێتەوە و لەم هەفتەیەشدا هیچ کۆبونەوەیەک ناکات دادگاکە".
ناوبراو لە زاری دادوەرێکەوە وادەی کۆبوونەوەی دادگای فیدراڵی بۆ نها ئاشکرا دەکات و دەڵێت : "کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە پرسی مووچەی هەرێم دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو و بە ئەگەری زۆرەوە ڕۆژی سێ شەممەی داهاتوو دەبێت بەپێی ئەو زانیارییانەی لە یەکێک لە دادوەرەکانی دادگاکەوە گەیشتووە بەدەستم".
سەبارەت بە هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەکەی دادگاشەوە، ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوە دەکات: "هۆکاری کۆنەبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی لەم هەفتەیەدا بۆ نەگەڕانەوەی یەکێک لە دادوەرە سەرەکییەکانی دادگاکە دەگەڕێتەوە کەلە ئێستادا لە بەجێهێنانی فەریزەی حەجە لە وڵاتی سعودیە و نەیتوانیوە بگەڕێتەوە بەهۆی ئەو ئاڵۆزییانەی دروستبووە".
"ئومێدەوارین، دادگای فیدڕاڵی بڕیاری یەکلاکەرەوە لە بەرژەوەندیی هاوڵاتییان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات بە دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنج و خەڵکی هەرێم لەم دۆخە ناهەموارە ڕزگاری ببێت کە بەهۆی نەناردنی مووچەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە تووشی بوون". چرۆ حەمەشەریف وا دەڵێ
ئەوەیش لەکاتێکدایە، لەماوەکانی پێشووتردا، بەهۆی بڕیاری ڕاگرتنی مووچەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە، کۆمەڵێک فەرمانبەری هەرێم لە دژی تەیف سامی، لە دادگای فیدڕاڵیی سکاڵایان تۆمارکرد؛ تاکو داگاکە فەرمانسالارییەک بۆ ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی کوردستان بنێرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا دادگای بەغدا بۆ ئەو پرسە کۆنەبووەتەوە.
|