ئابوری

وادەیەک بۆ چارەسەری بنەڕەتی مووچە راگەیەندرا

نها نیوز- هەواڵەکان

بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیى کۆمار، نوێترین زانیاریی لەسەر چارەسەری مووچە و کۆبوونەوەی دادگای فیدڕاڵی خستەڕوو و دەڵێت: "لەماوەی هەفتەیەکدا کێشەی مووچەی هەرێم چارەسەر دەکرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 15ی حوزەیرانی 2025، هاوڕێ تۆفیق، بەڕێوەبەرى گشتیى پەیوەندییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە سەرۆکایەتیی کۆمار، کە هاوکات راوێژکاریشە لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەماوەی هەفتەیەک دا کێشەی مووچەی هەرێم چارەسەردەکرێت".

هاوڕێ تۆفیق، وتیشی:"سەرۆکى دادگاى فیدڕاڵى هاوسۆزیی خۆی دەربڕیوە بۆ مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و وتوویەتی؛ مووچەی خەڵک پەیوەندیی بە ئایین و ئەخلاقەوە هەیە".

ئەمەش لەکاتێکدایە، دادگای فیدڕاڵی لەم هەفتەیەدا بڕیارە کۆببێتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق سەبارەت بە ڕاگرتنی ناردنی مووچەی هەرێم و پابەندکردنی حکومەتی ناوەند بەمەبەستیی ناردنی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.

جێگای باسە، هەر ئەمڕۆ جاسم محەمەد عەبدو عمێری، سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی لە کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆک کۆماردا، جەختی لەسەر ئەوە كردەوە كە دادگای فیدڕاڵی بەپێی دەستوور و یاسا ئەركەكانی خۆی ئەنجام دەدات، دووپاتیشی کردەوە کە ئەوەی پێویستە قەیرانی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بەپێی دەستوور و یاسا رێگای چارەسەری بدۆزێتەوە.
2025-06-15
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.