نها نیوز – هەواڵەکان
بەوتەی جوانڕۆ محەمەد ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لەسەر فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان، نزیكەی (3) ترلیۆن دینار لە داتاكانی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان نادیارە، بەوپێیەی هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2024 بڕی (110) ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە و نزیكەی (3) ترلیۆن دیناری داهاتی نەوت بەر حكومەتی کاربەڕێکەر كەوتووە، بەڵام پارەی ئەو (110) ملیۆن بەرمیل نەوتە دیار نییە كە بەهاكەی (4) ملیار دۆلار زیاتر لە (6) ترلیۆن دینارە كە (55%)ی بۆ حكومەتی هەرێم و (45%)ی داهاتی نەوت بۆ كۆمپانیاكانی نەوتە.
دەقی نوسراوەکەی پەرلەمانتارەکەی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان:
تائێستا چارەنوسی موچەی مانگی (12) نادیارە و موچەخۆرانیش تەماشاکاری شەڕی ژمارەکانی وەزارەتەکانی دارایی عێراق و هەرێمن و خەسارەتمەندی یەکەمیشن.
وەزارەتی دارایی هەرێم بۆ سپیکردنەوەی ڕوی حکومەت لیستێکی داهات و خەرجی و ئەو پارانەی بڵاوکردەوە کە لە عێراقەوە بۆی نێردراوە، بەڵام من بەبێ ئاماژەدان بە یەک دیناری داهاتی نەوت کە لە ساڵی 2024ەوە بەلانی کەمەوە ڕۆژانە (300) هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمهێندراوەو فرۆشراوە، لە ساڵێکدا بە تكڕا زیاتر لە (110،000،000) سەدو دە ملیۆن بەرمیل نەوت لە كێڵگە نەوتییەكانی هەرێمەوە بەرهەمهاتوە و فرۆشراوە، هەرێم خۆی دەڵێت:٪45ی داهاتی نەوت بۆ کۆمپانیاکانە و 55%ی بۆ حكومەتە.
لە 2024 بە تێکڕا نرخی نەوتی برێنت (81) دۆلار بوە لە جیهاندا، بەڵام هەرێم بەتێکڕا نەوتی بە (35 بۆ 40) دۆلار فرۆشتوە و لەو بڕەش نزیكەی (چوار ملیار دۆلار) داهاتی هەبوە کە دەکاتە نزیكەی (شەش ترلیۆن دینار)، لەكۆی ئەو (چوار) ملیار دۆلارە (2 ملیارو 200 ملیۆن) دۆلاری بۆ حكومەت بەرێژەی (55%) و (ملیارێك و 800 ملیۆن) دۆلاری بۆ كۆمپانیاكانە بەرێژەی (45%).
واتە حكومەتی هەرێم بڕی (2 ملیار و 200 ملیۆن) دۆلاری دەستکەوتوە کە دەکاتە نزیكەی (3 ترلیۆن ) دینار، ئەم داهاتە تائێستا دیار نیەو حکومەت و وەزارەتی دارایش خۆیان لێی بێدەنگ کردوە و نەخراوەتەوە چوارچێوەی موچەو دابینکردنی موچەی موچەخۆران.
بەو داهاتانە و بەپارەی نێردراوی عێراق و داهاتی ناوخۆ، هیچ بەهانەیەک بۆ دابەشنەکردنی موچەی مانگی 12 نەماوە، عێراق دەڵێت: تەواوی موچەی 12 مانگی 2024 مان ناردوە، لێكدانەوەی ژمارەكانیش ئەوە دەسەلمێنێت كە پارەكەی بەغداد و داهاتەكانی بەردەست هەرێم دەتوانێت بە ئاسانی موچەی مانگی 12ش بدات، بەڵام قسەو لێدوان و نیەتی حكومەت وایە كە موچەی مانگی 12 نەدات.
جوانڕۆ محەمەد - ئەندامی پەرلەمانی كوردستان