خانەنشینیی سلێمانی چارەسەرى کێشەى لیستى مووچەى خانەنشینانى راگەیاند
نها نیوز – هەواڵەکان
بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانى راستکردنەوە و چارەسەرى کێشەى لیستى مووچەى خانەنشینانى راگەیاند و لیستە چاککراوەکەى رەوانەى بەغدا کرد. سەرچاوەیەکیش لە بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت "هەر خانەنشینێک مووچەى مانگى 10 کە وەریدەگرێت، دەبێتە مووچەى هەمیشەیى و گۆڕانکاریى تێدا ناکرێت".
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینیی سلێمانى دەڵێت، سەرەتا بەهۆى پەلەکردن لە هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان، چەند هەڵەیەک لە مووچەى مانگەکانى تەمموز و ئاب روویدا و لە مانگى ئەیلوولدا ئەو کێشەیە چارەسەرکرا.
دەشڵێت "ئەو کێشەیەى پەیوەست بوو بە هاوتاکردنى خانەنشینانى پێش و پاش ساڵى 2014، چارەسەرکراوە و ئەو لیستەى بۆ مووچەى مانگى تشرینى یەکەم بۆ بەغداد نێردراوە، لیستە چاککراوەکەیە".
ئەو سەرچاوەیە زانیاریی زیاتر ئاشکرا دەکات و دەڵێت "هەر خانەنشینێک مووچەى مانگى 10 کە وەریدەگرێت دەبێتە مووچەى هەمیشەیى و گۆڕانکاریى تێدا ناکرێت".
هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینان بەگوێرەى یاساى ژمارە 9ـى ساڵى 2014ـى خانەنشینى یەکگرتوویی عێراق، لە 21ـى شوباتى 2024 لەلایەن دادگاى فیدراڵی عێراقەوە بڕیارى لەسەر درا، حکومەتى کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان لە مانگى تەمموزدا بڕیارەکەى خستە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتى دارایى فیدراڵەوە تەمویلى هاوتاکردنەکەى خەرجنەکراوە، کە بڕەکەى 42 ملیار دینارە.
|