سەرچاوەیەک لەدارایی هەرێم: بەغدا ئامادەنییە تەمویلی مووچە بنێرێت
نها نیوز – هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، تاوەکو ئێستا گرفتەکانى لیستى مووچەى مانگى 10ـى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان چارەسەر نەکراون، دەشڵێت "بەغدا ئامادەنییە تەمویلى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بدات".
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمى کوردستان بە میدیای یەکێتی وت "هەفتەى رابردوو شاندێکى تەکنیکى و ژمێرکارى سەردانى بەغدایان کرد و لیستى مووچەیان پێش خۆیان رەوانەى بەغدا کردبوو، بەڵام بەهۆى تێبینى لەسەر لیستەکە، لەلایەن لیژنەى تەکنیکیی وەزارەتى دارایی عێراقەوە، لیستەکە وەرنەگیرا و نێردرایەوە بۆ هەرێمى کوردستان."
سەرچاوەکە ئاماژە بەوەش دەکات "هەفتەى رابردوو لیستەکە بەشێوەى ئەلیکترۆنى نێردرابوو، لە ئێستاشدا وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان، سەرقاڵى چارەسەرکردنى ئەو تێبینیانەی وەزارەتى دارایی عێراقە".
پەیوەست بە تێبینیەکانیشەوە، سەرچاوەکە ئاشکراشیکرد "بەغدا ئامادەنییە تەمویلى هاوتاکردنى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان بدات و پێویستە هەرێمى کوردستان لە داهاتى نانەوتی بیدات".
وتیشی "یەکێکى دیکە لە تێبینییەکان، جیاکردنەوەى ناوى ئەو مووچەخۆرانە بووە، بایۆمەتریى و یو پی ئێنیان تەواو نەبووە".
"سبەینێ یاخود دوو سبەى لیستى مووچەى مانگى 10، بە ئەلیکترۆنى و کاغەز رەوانەى بەغدا دەکرێت". سەرچاوەکەى وەزارەتى دارایى هەرێم وا دەڵێت
|