ئابوری

گەیشت.. دوو لیستی مووچە نێردرا و پاداشت بۆ خانەنشینان بەڕێوەیە

نها نیوز – هەواڵەکان

بەڕێوەبەری خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی ڕایگەیاند، بۆ ئەم مانگە دوو لیستی مووچە ئامادەكراوە و نێردراوە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام لیستە نوێیەكە پێویستی بە رەزامەندیی حكومەتی عێراقە و كەمترین موچە دەكرێتە 500 هەزار دینار.

شێخ عەزیز عەلی، بەڕێوەبەری خانەنیشینی پێشمەرگە لە سلێمانی دەڵێت "بۆ مووچەی ئەم مانگە لیستمان بە هەردوو شێوازەكە ناردووە، لیستێكمان بە شێوازە كۆنەكەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناردووە و لیستی دووەم هاوتایە لەگەڵ خانەنشینی حكومەتی عێراقە و هەردوو لیستەكە رەوانەی وەزارەتی دارایی حكومەتی هەرێم كراوە بۆ تەواوكردنی ڕێكارەكانی ناردنی بۆ حكومەتی ناوەند.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێشتا دیارنییە بۆ ئەم مانگە بە لیستە نوێیەكە موچە دەنێردرێت یان هەر كۆنەكە، چونكە لیستە نوێیەكە پێویستی بە رەزامەندیی حكومەتی عێراقە و پێویستە پڕێك پارەی زیاتری بۆ تەرخان بكات.

بەڕێوەبەری خانەنیشینی پێشمەرگە لە سلێمانی باسی لەوەشكرد، ئەو كەسانەی تا مانگی (كانونی یەكەم/12)ی 2014 خانەنشین بوون، هیچ ڕێنماییەكیان بەسەردا جێبەجێ ناكرێت، ئەوەی مووچەكەی لە ملیۆنێك بەرەوسەر بێت، دەستكاریی مووچەكەی ناكرێت، ئەوانەی مووچەكانیان لەخوار ملیۆنێكەوەیە، كەمترین موچە دەكرێتە 500 هەزار دینار.

ناوبراو ڕونیشی كردەوە، حكومەتی عێراق بڕیاری داوە بۆ ئەمساڵ بڕی 100 هەزار دینار وەك پاداشت بدات بە ئەو خانەنشینانەی كە مووچەكانیان لە خوار ملیۆنێك دینارەوەیە، ئەگەر یاساكە لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكرێت، خانەنشینانی هەرێمیش دەگرێتەوە و كەمترین موچە دەبێتە 600 هەزار دینار.
 
2024-07-27
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.