ئابوری

بەپەلە.. خانەنشینانی هەرێم لەبارەی هاوتاکردنی مووچەکانیان بێئومێدکران

نها نیوز – هەواڵەکان

بەرپرسێکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم دەڵێت، تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌تى دارایی عێراق ئاماده‌یی ده‌رنه‌بڕیوه‌ به‌ ناردنى پاره‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینانى هه‌رێم به‌ هاوتاكراوى.

بەرپرسێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی کاربەڕێکەری هەرێم بە میدیای یەکێتیی راگەیاند "ئەو لیستەی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكومەتی هەرێمەوە ئاراستەی بەغدا كراوە تائێستا لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە پەسەند نەكراوە. هاوكات لە لیستەكەدا مووچەی خانەنشینانی هەرێم بەهاوتاكراوی رەوانەی بەغدا كراوە، به‌ڵام تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌تى دارایی عێراق هیچ بڕیارێكى نه‌داوه‌ بە ناردنى پاره‌ى مووچه‌ى خانه‌نشینان به‌ هاوتاكراوى.

به‌ وته‌ى ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی بێت "تا ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق بە فەرمی هیچ روونكردنەوەیەكیان نەداوە لەسەر ناردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بە هاوتاكراوی. هاوكات پێناچێت بەغدا بەو ئاسانییە بێتە ژێرباری ئەوەی مووچەی خانەنشینان بەهاوتاكراوی رەوانەی هەرێم بكات، چونكە ئەگەر بە هاوتاكراوی پارە رەوانە بكرێت ئەوا دەبێت حكومەتی هەرێمیش پارەی سندوقی خانەنشینی رەوانەی بەغدا بكاتەوە كە تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەك لەو سندوقەدا نییە.

ئه‌و به‌رپرسه‌ى وه‌زاره‌تى دارایی وتیشى "راستە بڕیاری دادگای فیدراڵی هەیە بۆ ئەوەی مووچەی خانەنشینانی هەرێمیش هاوتای مووچەی خانەنشینانی عێراق بكرێت، بەڵام ئەو بڕیارە پێویستی بە وردەكاری زیاتر هەیە لەسەروو هەموویەوە پێویستی بە رێككەوتنی سیاسی هەیە، چونكە ئەگەر وەزارەتی دارایی عێراق داوای پارەی سندوقی خانەنشینی بكات لەهەرێم ئەوكات بە واتای ئەوە دێت بڕیارەكە جێبەجێناكرێت.

له‌ ماوه‌ى رابردوودا، وه‌زاره‌تى دارایی و ئابووریی حكومه‌تى کاربەڕێکەری هه‌رێمى كوردستان رایگه‌یاند، لیستى مووچه‌ى خانه‌نشینانیان بۆ مانگى ته‌مموز به‌ هاوتاكراوى ره‌وانه‌ى به‌غدا كردووه‌.
 
2024-07-26
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.