ئابوری

لەبەغداوە زانیاری گرنگ و نەبیستراو لەسەر ناردنی مووچەی مانگی حەوت بە خانەنشینیەوە ئاشکراکرا

نها نیوز – هەواڵەکان

ماوەی چەند رۆژێکە لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە بەغدایە  و لیستەکە بە هاوتاکراوی تایبەت بە خانەنشینان نێردراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دیارنییە ئەو مووچەیە لەم مانگەدا چۆن خەرجدەکرێت و وەزارەتی دارایی عێراق رەزامەندی داوە یاخود نا. بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی هەرێمیش زانیاری نەبیستراو ئاشکرا دەکات.

سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لەسەر فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەری بە میدیای یەکێتی دەڵێت "لە دوایین سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بەغدا داوای پارەی سندوقی خانەنشینییان لە شاندەکە کردووە، بەڵام شاندەکە هیچ وەڵامێکیان نەداوەتەوە و گوتوویانە، دەچنە ئەنجومەنی وەزیران و وەڵامی پێویست لەوبارەیەوە وەردەگرن.

سەرچاوەیەکى باڵاش لە بەڕێوەبەرایەتى گشتى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان ئاشکرای دەکات "لە هەرێمى کوردستان نزیکەى 260 هەزار خانەنشین هەن و مانگانە 7% مووچەکانیان لێ دەبردرێت بۆ سندوقى خانەنشینى، بەڵام بەداخەوە سندوقەکە کارا نەکراوە و یەک دینارى تێدا نییە.

بەوتەی ئەو سەرچاوەیە. لە عێراق لە هەر فەرمانبەرێک 10% مووچەکەى دەبردرێت و حکومەتى عێراقیش 15% مووچەى هەر فەرمانبەرێک دەکاتە ناو سندوقى خانەنشینى.

دەشڵێت "هەرکات مووچەى خانەنشینان لەگەڵ عێراق هاوتاکردنى کەوتە بوار جێبەجێکردنەوە فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستان لەبرى 7% لەسەدا 10% مووچەکانیان دەروات بۆ ئەو سندوقە.

لە هەرێمى کوردستان سندوقى خانەنشینى لە ساڵى 2021 دروستکراوە و 20 کارمەندى بۆ تەرخانکراوە و بەرێوەبەرى بۆ دیاریکراوە، بەڵام لەو کاتەوە تائێستا یەک هەزار دینارى تێدا نییە.
 
2024-07-25
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.