ئیسرائیل وتەبێژی حزبوڵڵای لوبنان دەکوژێت
نها نیوز – هەواڵەکان
دوێنێ لە یەکەمین هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلدا بۆسەر ناوەڕاستی بەیروت دوای زیاتر لە یەک مانگ وتەبێژی باڵای گروپی چەکداریی حزبوڵڵا کوژرا.
بەرپرسێکی حزبوڵڵا کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە رۆیتەرزی وت "محەمەد عەفیف، وتەبێژی حزبوڵڵا لە هێرشێکی ئاسمانیدا لە بەیروت کوژراوە. دوای زیادبوونی هێرشەکانی ئیسڕائیل لە لوبنان، عەفیف بە تایبەتی دیار بووە. ئەمەش دوابەدوای کوشتنی سەرکردەی حزبوڵڵا حەسەن نەسڕوڵا دێت کە ئەویش بەهەمان شێوە لە هێرشێکی ئاسمانی ئیسڕائیلدا کوژرا".
هەر بەپێی رۆیتەرز، هێرشە ئاسمانییەکە بینایەکی کردووەتە ئامانج لە بەیروت کە خاوەنەکەی عەرەبێکی حزبی بەعس بووە. وێنەگرێکی ئەسۆشیەتد پرێس لە شوێنی رووداوەکە چوار لاشەی بینیوە و چوار برینداریش هەبوون.
هاوکات پێش هێرشەکە کە بووە هۆی کوژرانی عەفیف، فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسڕائیل بۆردومانی گەڕەکەکانی باشوری بەیروتییان کرد، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل خەڵکەکەی لە چەندین بینا ئاگادار کردەوە کە چۆڵی بکەن.
جگە لەوە، حزبوڵڵا بوونێکی بەهێزی لەو ناوچەیەدا هەیە کە بە زاحیە ناسراوە، هێرشە ئاسمانییەکانیش لە کاتێکدا بوون کە بەرپرسانی لوبنان بیر لە پێشنیارێکی ئاگربەست دەکەنەوە کە لەلایەن ئەمەریکاوە سەرپەرشتی دەکرێت.
|