جیهان

عێراقچی داگیرسانی شەڕێکی گشتگیر لە ئێران و دەوروبەر راگەیاند

نها نیوز - هەواڵەکان

وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژە بەوە دەکات کە لەوانەیە شەڕێکی گشتگیر بە ویستی ئیسرائیل و نەک ویستی ئەوان، لە ناوچەکە دابگیرسێت. دەشڵێت "ئەگەر ئیسرائیل درێژە بداتە یارییەکەی خۆی بەدڵنیاییەوە وەڵامی گونجاو وەردەگرێت".

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بە رۆژنامەی سپیگێلی ئەڵمانیای وت "ئەگەری چوونی ناوچەکە بۆ شەڕێکی گشتگیر هەیە، بەڵام ئەوە شتێک نییە کە ئێمە بمانەوێت بەڵکو پرسێکە کە ئیسرائیل دەیەوێت رووبدات".

وتیشی "لە یەکساڵی رابردوودا ئیسرائیل جەنگەکانی خۆی لە غەززە درێژە پێداوە، چەندینجار تێکۆشی ئێران بخاتە نێو شەڕێکی بەربڵاوەوە، بەڵام ئێمە بووین کە بە هۆشیاری و زیرەکییەوە رێگریمان کرد لە شەڕێکی بەربڵاو. بەڵام من لەگەڵ ئێوە هاوڕام لە ئەو پرسەدا کە هەندێک جار دۆخەکە لە کۆنترۆڵ دەردەچێت ئەگەر ئیسرائیل درێژە بداتە یارییەکەی خۆی بەدڵنیاییەوە وەڵامی گونجاو وەردەگرێت".

عێراقچی رونیشیکردەوە "هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا بۆ ئێمە گرنگی نییە، ئێمە سیاسەتەکانی خۆمان جێگیر دەکەین. روانگەی خۆمان راشکاوانە رادەگەیەنین و بەدوای تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکە نین".

ناوبراو جەختیشیکردەوە "خۆمان بۆ وەڵام بە هەرجۆرە هێرشێکی نوێی ئیسرائیل ئامادە دەکەیەن و بە مافی رەوای خۆمانی دەزانین".

وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەشکرد، کە وەڵامی ئەوان لەکاتی گونجاو و بەشێوەی گونجاو دەبێت. بەم پێیە "ئێمە بەس بەپێی بەرژەنەوەدییەکانی خۆمان دەچینە پێشەوە و هەڵبژاردنەکانی ئەمریکا و هیچ فاکتەرێکی دیکەش بەرژەوندییە نەتەوەییەکانی ئێمە ناخاتە ژێر کاریگەرییەوە".
 
2024-11-09
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.