وتار

دوایین نیگای کچە زەعیفەکە پێش شەهیدبوونی

كاوە شێخ عەبدوڵڵا

وەک جومعەکانی پێشوو، ئەم جومعەیەش دوکانەکەمان( نانی بەیانی لە کانی پانکە ) زۆرتر خێزان دەبوونە میوانی. لەناو ئەو میوانانەدا چەند کچێک کە هیچیانم لێدەناسین، تۆزێک زیاتر مانەوەو لەناو خۆیاندا بەگەرموگوڕی قسەیان دەکرد. یەکێک لە کوڕەکان وتی: کاک شێخ ئەو ئافرەتانە پرسیاریان هەیە لەسەر وێنەی ئەو شەخسیەتە کوردییانەی هەڵواسراون، لەسەر ژنێکیان مشتومڕیانە ئەڵێن ئەو ژنە ناوی چیە؟

بەبێ ئەوەی سەیری ئەوان بکەم، وتم ئەوە وێنەی عایشەشانە.

ئیتر من هیچ ئاگام لەوان نەما تا کاتی هەستان و خواحافیزی،  لە پێش هەموویانەوە کچێکی زەعیفی قژکورت بە بزەیەکەوە نیگایەکی کرد کە بزەو نیگای دەستخۆشی و سوپاسگوزاری بوو بەبێ ئەوەی هیچ بڵێ. عەینەکە ڕەشەکەی لە چاو کرد و چوویە دەرەوە...

 چەند دەقیقەیەک دواتر لەولای ئێمەوە ئەم کچە بۆ هەمیشە چاوەکانی داخرا!

کچەکانی تر بەپێکەنینەوە هاتن و یەکیان وتی:  من زانیم ئەوە عایشەشانە "بە پێکەنینەوە" حەقە خەڵاتی بەرنامە بدەن بە من!
ئەوان خواحافیزییان کرد. 

کاتێ گەیشتمە ماڵەوەو هاتمە فەیسبووک، یەکەم شت کە حەپەساندمی ئەم هەواڵەبوو: لە نزیک سەی سایەق بە درۆنی تورکیا، دوو کچی ڕۆژنامەوان شەهیدبوون. کاتێکیش وێنەکانیانم بینی... ئای خوایەگیان خۆ ئەوە کچە زەعیفەکەبوو کە بێ ئەوەی وشەیەک بڵێ، بە زەردەخەنەو نیگایەک دەستخۆشیی و خواحافیزی کرد!

شەڕێکی نابەرابەر و زۆر زاڵمانە بەڕێوە دەچێ لەسەر کورد لەلایەن تورکیاوە.جاران شاخ و چیاکان سەنگەری پێشمەرگە و گەریلابوون دوژمن لەوێ بەشەڕدەهات لەگەڵیان، بەڵام ئێستا هیچ دوکان و شەقام و ماڵێک سەلامەت نییە. 
ئەم حکومەت و سەرکردانەی عێراق و کوردستان سەرکردەمان بن، دەبێ درۆن و هەڕەشەکانی ببنە بەشێکی ئاسایی لە ژیانمان و کەس نەزانێ کەی و بۆ کێ دوایین زەردەخەنە و خواحافیزی دەکەین بەبێ ئەوەی کەسمان لە بەرەی شەڕێکی ڕاستەقینەدابین!

زەردەخەنە و نیگای ئەو کچە زەعیفە، دوای شەهیدکردنی بووەتە تابلۆیەک و لەنیوەڕۆوە لەبەرچاوم لاناچێ. بەدەستی کێش شەهید بکرێ؟ خوێنپیسترین خوێنپیسەکانی مێژووی بەشەریەت و چاوساغە ملشۆڕەکانیان!
 
ژمارەی خوێنەر   ‌ 313‌
8/23/2024 9:37:01 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.