دڵشاد ئەنوەر
هەیئەی تەحریری شام بە شێوەیەکی کوت و پڕو خێرا بەشێکی زۆر لە ناوچەکانی حەلەبی سوریای کۆنترۆڵکرد، کەوتنی حەلەب و داڕمانی سوپای سوریا و گوێ نەدانی تورکیا بە نیگەرانییەکانی ڕوسیا پێشهاتێکی نوێن.
بەتایبەت پێشتر کاتێک خەریکبوو حەلەب بکەوێت، روسیا هاتە سەر هێڵ و هێزی بەکارهێناو رێگری کرد، ئێستاش دیسانەوە هەست بە نیگەرانییەکانی بەرامبەر جوڵەی تورکیا دەکرێت و هاتووەتە سەر هێڵ و گروپەکانی نزیک لە تورکیا بۆردومان دەکات.
پێش ئەوەی بێمە سەر هۆکارەکقنی زوو کەوتنی حەلەب ئاماژە بە ئامانجەکانی تورکیا لە جوڵاندنی هەیئەی تەحریر شام لەمکاتەدا دەکەم، کە تورکیا کۆمەڵێک ئامانجی هەیەو دیارترینیان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەو هێزانەوە هەمیشە کارتی فشاری هەبێت و رۆڵدار. بێت لەسوریا.
تورکیا دەمێکە داوای دانوستان لە ئەسەد دەکات، بەڵام ئەسەد داواکەی تورکیا ڕەتدەکاتەوەو مەرجی کشانەوەی تورکیای بۆ دانوستان خستبووەڕوو، بۆیە دوای نائومێدبوونی لە ئەسەد تورکیا دەیەوێت خۆی ئەو کارانە بکات کە چاوی لەسەر رژێمی سوریا بوو بۆی بکات.
ئامانجی سەرەکی تورکیا لەقاڵبدانی کوردەکانی سوریاو کۆنترۆڵکردنی تەل رەفعەت و منبج و کۆمەڵێک ناوچەیە تا پشتێنەیەک دروست بکات، ئەمە جگەلەوەی تورکیا دڵنیایە دوای ئاگربەستی لوبنان ئاڵۆزییەکان لەسوریا سەرهەڵدەدەن و ترسی لە پشتیوانی رۆژاوا هەیە بۆ کوردەکانی سوریا بۆیە خێراتر خۆی چووە ناو هاوکێشەکەو جوڵا.
تا ئێستا کوردەکانی سوریا دەستپێشخەرییان بۆ شەڕ نەکردووە، بەڵام خۆشیان ئامادەکردووە بۆ ئەگەری پەلاماردانیان لەلایەن هەیئەی تەحریری شامەوە. هاوکات لەگەڵ دەستپێشخەری نەکردنی کوردەکان ، ئەمەریکاش تا ئێستا تەماشاکەرە، بۆیە پێدەچێت لەحاڵەتی هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان و کوردو ئەو گروپانە زیاتر هەڵوێستی ئەمەریکا ڕوون ببێتەوە.
ئەمەریکا تا ئێستا خۆی بە پشتیوانی کوردەکانی سوریا دەزانێت، ئەو گروپانەش لە لیستی تیرۆردان، بۆیە ئەو گروپانە هەڵەی ستراتیژی دەکەن گەر پەلاماری کورد بدەن و ئەمەریکا ناچار دەکەن هەڵوێستی خۆی ڕوونبکاتەوە، خۆ گەر پێشڕەویش بەرەو قوڵایی دەسەڵاتی ئەسەد بکەن پێناچێت روسیا دەستەوەستان بێت.
سەبارەت بە ئیسرائیلیش دۆخەکە ڕوونە، ئەسەد بەلای ئیسرائیلەوە زۆر باشترە لەو گروپانە، بەتایبەت ئەسەد پێچەوانەی ئەو گروپانە مەترسی نییە لەسەر ئیسرائیل.
دەکرێ بپرسین چی وایکرد حەلەب بە خێرایی بکەوێت؟
سوپای سوریا ماندووەو توانای شەڕی نەماوە، ئەوەی تا ئێستا ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە پاراستنی ئەو ناوچانە، پاڵپشتی روسیاو ئێران و چەکدارەکانی حزبوڵای لوبنان بوون. ئێستا حزبوڵا لاواز بووە، تا ڕادەیەکی زۆر ئێرانیش رۆڵی جارانی نەماوەو روسیاش گیرۆدەی دەست شەڕی ئۆکرانیایە، بۆیە تورکیا لە ڕێگەی ئەو گروپانەوە دۆخەکەی قۆستەوە.
ئەوەی تا ئێستا ڕوونە، روسیاو ئێران زۆر نیگەرانن لە جوڵاندنی هەیئەی تەحریری شام لەلایەن تورکیاوە، بۆیە با چاوەڕێی ئەوە بکەین بزانین ئەم جوڵە نوێیە سەربازییە نێوان ئاڵۆز دەکات، یان وەک هەمیشە شەڕەکە بەوەکیلەکانیان دەکەن.
راستە جەنگ لە حەلەبە، بەڵام دوکەڵ ناوچەکەی گرتووەتەوە، چونکە ئەو جەنگە تەنها لەناوچەیەکی دیاریکراو قەتیس نەبووە، بەڵام گرێدراوە بە وڵاتانی زلهێزو ئیقلیمیش.