وتار

عێراق و تورکیا: شەرعاندنی دۆخەکە

سەردار عەزیز

ڕۆژ 15 ئاب عێراق و تورکیا یاداشتێکی لێکگەیشتنیان لە نێوان هەردولادا واژۆ کرد. ئەمە یەکەمجارە ئەم دوو وڵاتە لە بوارەکانی سەربازی و ئەمنیدا یاداشتی لەو جۆرە واژۆ بکەن. لە هەشتاکان هەردوو وڵات دانوستانیان لەو بارەوە کردوە، هەندێک دەڵێن ڕێکەوتنێکی یەک ساڵەیان واژۆ کردوە، هەندێکی تر دەڵێن تەنها مەحزەری کۆبونەوەکە واژۆ کراوە. هەروەها ڕون نیە ئایا هەردوو وڵات ئەو کاتە لە سەر قوڵایی پێنج یان سی کیلۆمەتر ڕێککەوتنیان کردبوو.

بەڵام یاداشتی ئەمجارە جیاوازە، وەک کۆنوسەکەی دزەی پێکراوە. هەردوولا لە سەر دە بەند لە نێوانیاندا ڕێکەوتوون. بەندەکان هەموو بنەماکانی ڕێکەوتنێکی تۆکمەی تیادایە لە ئامانج و چوارچێوە و بنەماکان و دروستکردنی ناوەندی هاوکاریی ئاسایشیی لە نێوان هەردوولادا و لە گەڵ لیژنەی هاوبەش. هەروەها بۆ درێژەدان بە لێکگەیشتنەکە هەردولا لە سەر میکانیزمی پیاداچونەوە و گۆڕانکاریی ڕێکەوتوون.

دەقی لێکگەیشتنەکە دەرفەت بە تورکیا دەدات هەتا بونی خۆی لە سەر خاکی عێراق بشەرعێنێت، بونی لە بنکەی بەعشیقە بگۆڕێت بۆ ڕاهێنان، بە مانای مانەوەی لەوێ، هەروەها بونی لە ناوەندی ڕاهێنان لە بەغدا.

هاتنی تورکیا بۆ بواری ڕاهێنانی سوپای عێراق لە زیاتر لە بنکەیەک وەک جێگرەوی ئەمریکا دەردەکەوێت. بە تایبەتی کاتێک کە تورکیا بوە بە وڵاتێکی بەرهەمهێنی چەک و تەقەمەنیی.

چاودێران وەهای دەبینن کە تورکیا براوەی لێکگەیشتنەکەیە بەوەی شەرعیەت بە بوون و داگیرکاریی دەدات لە سەر خاکی عێراق. تورکیا هەموو زانیارییە ئیستخبارییەکانی دەست دەکەوێت. لە هەمانکاتدا بە بەهانەی تیرۆر تورکیا درێژە بە مانەوەی دەدات، لە کاتێکدا کە میکانیزمی درێژکردنەوەی لێکگەیشتنەکە زۆر ئاسانە، بەوەی کە پێویست ناکات بهێنرێتە پەرلەمان و هەروەها لە یەکێک لە بەندەکانیدا ئاماژە بە ئەوە دەدات کە ئۆتۆماتیکییەن ساڵانە درێژدەبێتەوە مەگەر لایەک ناڕەزایی دەرببڕێت، لە کاتی بونی ناڕەزایشدا دوای شەش مانگ لێکگەیشتنەکە کۆتایی دێت.

بەڵام دەبێت لەو ڕوانگەیەشەوە بنواڕین کە ئایا لێکگەیشتنی تر بە دوای ئەم لێکگەیشتنەدا دێت بۆ نمونە لە بواری ئاو. تورکیا هەتا ئێستا ئامادەنیە کە بە ئاسانی ئاوی عێراق بدات لە دیجلە و فوراتەوە. بۆ ئەم مەبەستە بیانوی زۆرە، وەک بە فیڕۆدانی ئاو لە عێراقدا، ڕێگەدان بە کۆمپانیای تورکی و زۆر بەهانەی تر.

تورکیا لە تۆکمەکردن و شەرعاندنی بونی ئامانجی ئەوەیە کە لە گەڵ شیعەی عێراقدا بسازێت هەتا بگاتە وڵاتانی کەنداو و سەرچاوەکانی وزە و داهات. عێراق لە پشتی بونی پەکەکە دەیتوانی کارتی فشاری هەبێت بەرامبەر تورکیا، بەڵام بە ڕازی بون و شەرعاندنی داگیرکاریی تورکیا ئەوا کارتی دانوستانی لاواز دەبێت.

بەڵام وەک سەرچاوەکان دەڵێن فاکتەری تر بونی هەیە لە پشت لەیەگەیشتنەکەوە. یەکێک لە فاکتەرە سەرەکییەکان دروستبونی پەیوەندی لە نێوان حەشدی شەعبی و تورکیادایە. وەک دەبینرێت لە هەموو پرۆسەی دانوستانەکاندا سەرۆکی حەشدی شەعبی فالح فەیاز لە دانیشتنەکاندا بەشدارە.

تورکیا، بە تایبەتی پاش هاتنی هەقان فیدان بۆ پۆستی وەزیری دەرەوە، سیاسەتی خۆی لە سیاسەتی دەوڵەتییەوە گۆڕی بۆ سیاسەتی مامەڵە لە گەڵ ئەمری واقیع. لە ڕوی ئەمری واقیعەوە عێراق وڵات نیە، بەڵکو خاکێکە کە کۆمەڵێک هێز تیادا باڵادەستن. ئەکتەرە ئیقلیمیەکان هەمویان بەرەو ئەو ستراتیژە دەڕۆن کە مامەڵە لە گەڵ ئەم واقیعەدا بکەن، نەک وەها خۆیان بخەڵەتێنن کە عێراق خاوەن سەروەریی ناوخۆییە.

وڵاتانی کەنداو، ئێران، ئوردون، هەروەها تورکیا، هەمویان لە سەر بنەمای فرە ناوەندیی مامەڵە لەگەڵ عێراقدا دەکەن. بۆ نمونە لەم ماوەی دواییدا، لە پێناو دروستکردنی بۆڕی بەسرە- عەقەبە، شای ئوردون لە واشنتۆن لۆبیی بۆ قەیس غەزعەلی کرد.

حەشدی شەعبی ئامانجی سەرەکی لە نزیکبونەوە لە تورکیا دەست گەیشتنە بە چەک و تەقەمەنی نوێ، چونکە ئێستا حەشد لە ژێر ئابلۆقەدایە لەو ڕووەوە. تورکیا بە هەماهەنگیی و ڕاهێنان دەتوانێت ببێت بە یەکێک لە سەرچاوەکانی دابینکردنی چەک بۆ عێراق و حەشد، بە تایبەتی پاش ئەوەی کە حەشد لەوەدا شکستی هێنا کە لە ڕوسیا چەک بە دەست بهێنێت. وەک دەزانین تورکیا ئێستا یەکێکە لە وڵاتانی بەرهەمهێنانی چەک و تفاقی سەربازیی لە ناوچەکەدا.

عێراق لەم ڕوەوە هەندێک سازشی بۆ تورکیا کردوە، بە تایبەتی لە ڕوی مامەڵەی لە گەڵ پارتی کرێکاراندا. تورکیا چەندێک ئامانجی ئاسایشە، هێندە زیاتر ئامانجی گەیشتنە بە بازاڕ و سەرچاوەکان، بۆ ئەم مەبەستەش سیاسەتی تایفەگەرێتی ئەردۆگان تورکیای سنوردار دەکرد.

بەڵام ئەم هەنگاوەی تورکیا بەبێ کێشە نیە، بە تایبەتی هاوکاری تورکیا بۆ میلیشیا عێراقییەکان دەبێتە مایەی نیگەرانی ڕۆژئاوا.

ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ماوەی ساڵی ڕابوردودا تورکیا لە هەوڵی ئەوەدایە بگەڕێتەوە بۆ دۆخی ئابوری و سیاسی پێشوی، چونکە سەرکێشییەکانی ئابوری وەها لێکرد کە بە ملیونان مرۆڤ لە تورکیا  شەوانە بە برسێتی سەربنێنێتەوە. لە هەمانکاتدا هەتا ئێستا نە ئەمریکا و نە چین پشتیوانی پرۆژەی ڕێگای گەشە نین.

ژمارەی خوێنەر   ‌ 511‌
8/21/2024 5:38:24 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.