لاوک سەڵاح
قسەیەکی زۆر لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دەکرێت، بێ ئەوەی بەتەواوی شارەزای جیاوازی و ململانێ و ناکۆکییەکانبین. لە ماوەی رابردوودا دونیایەک سەنگەر بە هەردوو ئاراستەکەدا بیناکراوە، هەندێک بەرگری لە بەغدا دەکەن و هەندێک بەرگری لە ئادای حکومەتی کوردستان دەکەن. ئەم بەرگرییە، بەداخەوە زۆر جار، شارەزای جەوهەری کێشەکان نییە، یاخود راستییەکان دەزانن و بۆ مەرامی تایبەتی بەکار دێن، و زۆرجاری تریش ئەو کەسانەی قسە لەسەر ئەم پەیوەندییە دەکەن بڕیاربەدەست نین و شارەزانین.
ئەم پرۆژەیە، لە ماوەی رابردوودا لە چەند سەرچاوەیەکی شارەزاوە ئامادەم کردووە، وەک خۆی لێرە دەیخەمە روو، هەر وەک چۆن کاتی خۆی پێشکەش کراوە. ئێستا هەندێ گۆرانکاری لە هەڵوێستە سیاسییەکاندا هاتۆتە ئاراوە کە پەیوەندی بە گۆرانکارییە سیاسییەکانەوە هەیە باسم نەکردوون.
ئەم پوختەی خوارەوە بە کورتی ئەو کێشە سەرەکییە باوانەیە کە لە نێوان هەردوولادا هەیە و من پشتگیری لەم پێشنیارانە دەکەم، هیوادارم کە کەرتی نەوتی هەرێمی کوردستان کەوتەوە کار، ئەم پیشنیارانە بەهەند وەربگیرێن:
پێشەکی:
·بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی جێی مشومڕی زۆرن.
· دادگای فیدراڵی پشتئەستوورە بە برگەکانی دووەم و چوارەم لە ماددەی 93، هەروەها مادەی 94 لە دەستووری عێراق، ساڵی 2005.
·بڕیارەکای دادگا مولزەمە.
·لە ماوەی رابردوودا کەلێنی هەردوو لا تا هاتووە فراوان بووە.
·ئێستا ئەگەر چارەسەر بەو شێوەی خوارەوە بۆ بابەتە سەرەکییەکان بدۆزرێتەوە، رەنگە پەیوەندی هەردوو لا بەرەو چاک بوون بڕوات.
1. دواکەوتنی یاسای نەوت و گاز:
·ئەم یاساییە پەیوەندی نێوان هەردوولا رێک دەخات، سەبارەت بە دەرهێنان و بە بازاڕکردن و وەبەرهێنان.
·بەغدا دەڵێت: دەبێت کۆمپانیای سۆمۆ نەوتی کوردستان بە بازاڕ بکات و هەولێر لە سەرئەم پێشنیارە کۆک نییە، هەروەها لەسەر داهاتی نەوت و گاز و ئیدارەدانی کێڵگە نەوتییەکانیش کۆک نین، لەبەرئەوەی مافە دەستوورییەکنی هەرێم پێشێل دەکات.
·ماددەی 112 لە دەستوور بەرپرسیاریەتی یاسایی ئەم پرسەی دیاری کردووە بەوەی کە بەرپرسیاریەتییەکە هی هەردوولایە، دابەشکردنی داهات دەبێت بە گوێرەی رێژەی دانیشتوان بێت لەبەرئەوەی ئەم کێڵگانە لە پاش ساڵی 2005 لە هەرێم دۆزراونەتەوە.
· حکومەتی فیدراڵی هەوڵ دەدات لە کێڵگە نەوتییەکان وجودێکی کاریگەری هەبێت تاوەکو ئاگاداری ئاستی بەرهەمهێنانی کێلگە نەوتییەکان بێت.
·هەولێر ئەمە بە پێشێلکردنی بنەماکانی دەستوور و مافە دەستووریەکانی هەرێم دەزانێت.
چارەسەر:
· یاسای نەوت بە شێوەیەک دابرێژرێت کە هەردوولا پێکەوە بەرپرسیاریەتییان هەبێت لە دەرهێنان و بەبازاڕکردنی نەوت و گاز. ئەمە دەبێتە چارەسەرێکی مامناوەند کە رەنگە هەردوولا پێی رازیبن.
·رێکەوتنەکە لەسەر ئەو بنەمایانە بێت کە دەستوور دەستنیشانی کردووە، بەمەرجێ مافە دەستوورییەکانی هەرێم پێشێل نەکرێت.
2. دواکەوتنی یاسای گومرگ:
· مەبەست لە گومرک سنوورەکان و فرۆکەخانەکانی هەرێمی کوردستانە.
· ماددەی 114 لە دەستوور ئەرکەکانی هەردوولای رێکخستووە.
·هەولێر لە ساڵی 2020 رازی بوو نیوەی داهاتی سنوورەکان رەوانەی بەغدا بکات، بەڵام نەبوونی متمانە وای کرد گرفتەکە هێشتا هەر بمێنێت.
چارەسەر:
· پێکهێنانی لیژنەیەکی عێراقی بە ئەندامێتی خەڵکی شارەزای بێگانە بۆ لێکۆڵینەوە لەوەی چۆن گومرک لە دەوڵەتەکانی دیکە رێکخراوە و پێشکەشکردنی راسپاردە بەوەی کام نموونە گونجاوە تا لێرە پەیرەو بکرێت.
·دواتر، لیژنەیەکی قەزائی، یاسای گومرک لەسەر راسپاردەکان دارێژێت.
· ئەم لیژنەیە دەبێت خەڵکی شارەزای لە هەرێمی کوردستان تێدا بێت، دیسانەوە، گرنگە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بەهەند وەربگیرێت.
3. تەوتینی موچەی فەرمانبەران:
· بەغدا دەڵێت فەرمانبەری بندیوار لە هەرێمدا هەیە، لەبەرئەوە داوای تەوتین دەکات بۆ ئەوەی بزانێت ژمارەی راستەقینەی فەرمانبەران چەندە.
· هەولێر بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی دژ بە مافە دەستوورییەکانی هەرێم لە قەڵەم دەدا.
چارەسەر:
· کردنەوەی بانکێکی فیدراڵی کە موچەی فەرمانبەرانی تێدا بێت.
· دواتر، بانکەکە مووچەکان دابەش بکات پاش ئەوەی دامەزراوەکانیان ئاگاداری بانکەکە دەکەن کە لەسەر دەوام بەردەوامن یاخود نا.
· مەسرەفی عێراقی دەتوانن ئەو کارە ئەنجام بدەن.
· ئێستا رێکەوتن لەسەر ئەم میکانیزمە هەیە. هیوادارم پابەندبن.
4.ناوچە جێناکۆکەکان:
· ئەم ناوچانە نەوت و گازی تیدایە، پانتایی جوگرافیان نزیکەی 37 هەزار کیلۆمەتر مورەبەعە و بە درێژای 1000 کیلۆمەتر درێژ دەبێتەوە.
· بەغدا دەیەوێت کورد لەو سامانە سروشتییە بێبەش بکات بە پاساوی ئەوەی کە دەبێت عێراق وەک یەک دەوڵەت بمێنێتەوە و دەیەوێت کۆنترۆڵی ئەم ناوچانە بکات.
· مادەەی 140 بەرپرسیاریەتی یاسایی دەستنیشانکردووە بۆ ئەوەی ماددەی 58 لە یاسای ئیدارەی دەوڵەتی عێراق جێبەجێ بکرێت.
· پرسی ناوچە جێناکۆکەکان لە هەمان کاتدا سەرچاوەی ململانێی هەردوو پارتی سیاسیی کوردیین.
چارەسەر:
· دابەشکردنی ناوچەکان بۆ 8 ناوچە.
· ئەنجامدانی سەرژمێری یاخود رووپێوێک بۆ زانینی زۆرینەی دانیشتوانی ناوچەکان.
· ئەم سەرژمێرییە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بێت.
5. ناکۆکییە سیاسییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی:
· هەڵوێستی کورد بەرامبەر بەغدا لاواز کردووە.
· ئەگەر ناکۆکییەکان بەردەوام بێت بەغدا ناجار دەبێت بە شێوەی جیاواز و سەربەخۆ لەگەڵ هەریەکەیان مامەڵە بکات.
· بەشی هەرێم لە بودجە دابەش دەکات.
چارەسەر:
· لیژنەی پسپۆر و تایبەت و شارەزا لە هەردوو پارتە سیاسییەکە لەگەڵ هاوپەیمانان و لایەنە عێراقییەکان پێکبهێنرێت تا نەخشەرێگایەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پێشکەش بکرێت.
6. بیرۆکراسیەتی حکومەتی عێراق:
· بیرۆکراسیەتی حکومەتی عێراق رێگرە لە مامەڵەکردنی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا. چەندان دامەزراوە و لایەن لە بەغدا کاریگەرییان لەسەر ئەم پەیوەندییە هەیە کە زۆرجار هەولێر نازانێت لەگەڵ کێ مامەڵە بکات، بۆ نموونە وەزارەتی دارایی یاخود نەوت یاخود بانکی ناوەند یاخود بەرگری یاخود سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران، هەریەکەیان هەڵوێستیکی سیاسی جیاوازی هەیە.
چارەسەر:
· سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی فیدراڵی پێک بهێنێت تایبەت بێت بە ئیدارەدانی کاروباری هەرێم بۆ ئەوەی وەزارەتەکان نەکەونە داوی فشاری سیاسییەوە.
· رۆڵی واشنتۆن و رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان گرنگە بۆ ئەوەی تێڕوانینی هەردوولا لەیەک نزیک بکەنەوە.
· ئەگەر ئەم گرفتانە چارەسەر نەکرێن ئەنجامەکانی زۆر مەترسیدار دەبێت.