وتار

مقەستەکەی پوتن، ئیسرائیل دەبڕێت؟

سیامەند خەلیل

بۆ کەسی ئاسایی ئاستەمبوو لە پەیوەندی بەتینی روسەکان لەگەڵ دەسەڵاتەکەی بەشار ئەسەد تێبگەن، تا ئەو ڕادەیەی زیاتر لە 10 ساڵ نائارامی لەو وڵاتەدا لێنەگەڕا بکەوێت، لەبیرمە کاتێک بە تەواوی هاتە نێو جەنگی دژ بە داعش، بە هەفتەیەک ئەو رێکخراوەی لەجوڵە خست و لاوازیکرد، تەنانەت بە تەکنەلۆجیا سەربازییەکەی هەموو خۆرئاوای توشی سەرسوڕمانکرد و مەترسی لەسەر کەوتنی دیمەشق نەهێشت. 

ئەوکات لە رۆژنامە جیهانییەکاندا، ئەم روداوە وەک خاڵێکی شۆکهێنەر و چاوەڕوان نەکراو لە پەرەسەندنی توانای سەربازی روسیا لێکدرایەوە، لەبەرئەوە دەتوانین بە یەکێک لە وەرچەرخانەکان لە هاوکێشەی هێزە نێودەوڵەتییەکان و خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا تەماشای بکەین.

ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەرگای شەڕێکی پێشبینیکراوی هەرێمایەتیدا وەستاوە، دیارە ئەگەر بەتوندی هێرش بەرێت ئەوا خۆرئاواییەکان دژی دەوەستنەوە، قەبارەی وەڵامدانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە ئیسرائیل نەزانراوە بەڵام ئەوەی کە زانراوە خۆرئاوا بەهێندەی زیان گەیشتن بە ئیسرائیل وەڵام دەداتەوە، ئەمەش مەترسیی راستەقینەیە لەسەر ئێران، بەڵام زۆربەی پێدراوەکان وادەردەخەن کە روسیا لانیکەم بەرگری لە کەوتنی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکات لەحاڵەتێکدا کە مەترسی گەورەی لەسەر دروستببێت،چونکە ئێران زۆر زیاتر لە سوریا بۆ روسەکان گرنگە، بەڵام ئەم جارە ئەوەی جیاوازە کە روسیا بۆخۆی زیاتر لە دوو ساڵە لە جەنگی ئۆکرایندایە. 

چەند رۆژێکە لە هەواڵەکاندا، گەشتە فڕۆکەوانییەکان بۆ تاران و تەلئەبیب ناجێگیرییان پێوەدیارە. لەم کاتەدا کە جیهان چاوەڕونی کاردانەوەی ئێرانییەکانە بەرامبەر بە ئیسرائیل، هەواڵی لەشکرکێشی ئۆکراینا بۆ ناو قوڵایی روسیا بڵاودەبێتەوە، ئەم دوو پێشهاتە پەیوەندیدارن. زیلینسکی سەرۆکی ئۆکرانیا یەک ساڵە هاواریەتی بۆ چەکی زیاتر و نزیکەی لە سەدا 10 خاکەکەی لەدەستداوە.

 لە کردەیەکی سەربازی چاوەڕوان نەکراودا، ئەو ناوچانە ناگرێتەوە و لە شوێنێکی ترەوە زەفەردەبات، هەواڵنامەی میدیای روسیا بەردەوام ئاماژە بە تێکشکانی ئامێرە سەربازییەکانی دابینکراو لەلایەن خۆرئاواوە دەدات. هەموو ئەمانە ئاماژەن کە  لەشکرکێشییەکەی زیلینسکی بۆ دواخستنی هێرشەکەی ئێران بێت، چونکە پێناچێت ئێران بەبێ پشتیوانی روسەکان لە دەرگای جەنگێکی هەرێمایەتی بدات. لەم حاڵەتەشدا بۆ هێرشی سەر ئیسرائیل بڕیارە سەختەکە لای روسیا دەمێنێتەوە، واته مقەستەکەی پوتن ئیسرائیل دەبڕێت یان لەم قۆناغەدا تەنها روو لە ئەوروپا دەمێنێتەوە؟


ژمارەی خوێنەر   ‌ 421‌
8/15/2024 12:53:13 PM
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.