ئەدهەم بارزانی
ئەگەر سەیری مێژووی کوردستان بکەین دەبینین عەشیرەتێک بوونی نیە بەناوی (بارزان) واتە بارزان عەشیرەت نیە ئەوانەی دەڵێن بارزان عەشیرەتە ئەوە هەڵەیە ، بارزان گوندێکە دەکەوێتە خوار دامەنی چیای شیرین لە ناو عەشیرەتی بەڕۆژ، لەو دێیەدا کەسانی پایە بەرز بە درێژایی مێژوو هەڵکەوتوون ، عەلامە بابە تاهیری مەردووخ لە کتێبەکەیدا (مشاهیر کورد) ئەڵێ : عەلامە شێخ عەبدولڕەحیمی بارزانی 700 ساڵ پێش ئێستا لە دێی بارزان مۆڵەتی زانستی ئەدا بە زانایانی ئایینی.
گرنگی بارزان لە کاتێکدا هاتە کایەوە کە شێخ عەبدولڕەحمانی بارزانی لە ناوەڕاستی ساڵەکانی 1800 بیروباوەڕی نەقشە بەندی (عیرفانی ) وەک بنەمایەک بۆژیانی ڕۆژانەی دەڤەرەکە و بەهێزکردنی پەیوەندی لەگەڵ خوای گەورە ، ئەو باوەڕەی هەڵبژارد ، واتە یەکەمین شێخی تەریقەت لە بارزان شێخ عەبدولڕەحمان و دووەمین شێخ عەبدوولسەلامی یەکەم و سێیەمین شێخ محەمەدی بارزانیە کە ئەکاتە باوکی شێخ ئەحمەد بارزانی و چوارەمین شێخ عەبدولسەلامی دووەم و دواین شێخ و پێنجەمین شێخ ،شێخ ئەحمەدی بارزانە کە ناسراوە بە خودانێ بارزان ( خودان بە مانای خاوەن - صاحب )
هەموو ئەو شێخانەى لەسەروە ئاماژەم پێکردن لە پێناو ئەم بیرو باوەڕانەی خوارەوە تێیان کۆشیوە ..
1- دیارکردنی نزیکترین و بەهێزترین ڕێگا بەرەو خوای گەورە و بەهێزکردنی پەیوەندی هەر تاکێک (مرۆڤ لەگەڵ خالقی خۆی)
2- بەهێزکردنی دادپەروەری لەناو کۆمەڵگادا ، من لێرەوە ئەتوانم بە جورئەتەوە بلێم کە دادوەری نیمچە ڕەها ( العدالە الشبە المطلقە)لەسەر دەستی ئەوان لەو دەڤەرە هاتە دی بە شێوەیەک کە هیچ جیاوازی لە نێوان شێخ و کوڕە شێخەکان و مورید و هەژارەکان نەما بوو هەموویان لە ژێر ئەو عەدالەتە یەکسان بوون
3- بەرگری کردن لە ستەملێکراوان ( مەظلوم) نەک تەنها دروشمێک بوو بەڵکو بە ئەرکێکی دونیایی و دینیان ئەزانی .. لەم بۆچونەوە بارزان پێی نایە خەبات لە ھەموو بوارێكدا، لە باوەڕی بارزاندا گەورەترین زوڵملێکراو میللەتی کورد بوو کە بێ بەشکراوون ،لەم ڕوانگەیەشەوە قوربانی زۆر درا و بزاڤی ڕزگاری خوازی کوردی تا ئێرەی هێنا.
پێویستە ئەوە بڵێم خەڵکانێک لە حەوت عەشیرەت (بەڕۆژی ، مزوری ، نزاری ، شێروانی ، دۆڵەمەری ، گەردی ، هەرکی بنەجی) لە دەوری ئەوبیرو باوەڕە کە لەدێی بارزانەوە هەڵقوڵاوە کۆبونەتەوە و عادات و تەعەسوباتی عەشائێریان پشتگوێخستو و هەموویان لە ژێر ئاڵای میللەتی بارزان کۆبونەتەوە ، مانای میللەت لە عەرەبیدا بەو کۆمەڵە کەسە دەگوترێت ، کە لەدەوری بیروباوەڕێک (عەقیدە) کۆدەبنەوە مەرج نیە لە یەک ڕەگەز و ڕەنگ بن.
ڕاستە لە دەڤەری بارزان مەسیحیش هەبوون وە لە دەڤەرەکانی دەرەوەی سنورەکانی بارزانیش بە واتایەکی تر لە هەموو پارچەکانی تری کوردستان هەڵگری ئەم بیروباوەڕە هەن ، ئەمانە بە بارزانی یان بارزانیەكان ناسران .