راپۆرت

شاسوار عەبدولواحید نەوەی نوێ بەرەو تەقلیدتر لە حزبە تەقلیدیەکان دەبات

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

ئەگەرچی  جوڵانەوەی نەوەی نوێ وەک خۆیان دەڵێن، لەسەر بنەمای جیاواز لە حزبە تەقلیدیەکان دامەزرا و باسیان لە بە دامەزراوەکردنی دامودەزگاکان دەکرد و دوورکەوتنەوە لە بڕیاری تاکە کەسی، بەڵام نەک ھەر جیاواز نەبوو، بەڵکو دوای تەنھا ساڵێک لە دامەزراندنی ئەو جوڵانەوەیە ڕێک پێچەوانەی بنەماکانی دامەزراندنی جوڵانەوەکە کارەکانیان بەڕێوە دەبەن.

یەکێک لەو خاڵانەی کە شاسوار عەبدولواحید و شوێنکەوتوانی  بەردەوام جەختیان لێدەکردەوە دوورکەوتنەوە بوو لە بڕیاری تاک لایەنە و کارکردن بەشێوەی دامەزراوە و ڕاوێژکردن، بەڵام ئێستا نەوەی نوێ پێچەوانەی تەواوی ئەو حزبانەی دیکەی ھەرێم کە بە تەقلیدی ناوی دەبردن کار دەکات و سەرجەم بڕیارەکانی جوڵانەوەکە لە یەک خاڵەوە دەردەچێت، ئەویش شاسوار عەبدولوحیدە.

بۆ سەلماندنی ئەمە پێویستە بپرسین ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ لە کوێیە و خەریکی چین؟، ھەموو حزبێکی سیاسی لە ھەرێم بۆ بڕیاردانی یەکلاکەرەوە لە پرسێکدا ئەنجومەنێکی ھەیە و لە چەند ئەندامێک پێکھاتوون و لەو ئەنجومەنەوە بڕیارەکان بە ڕاوێژکردن دەدرێت، بەڵام کەی و لە کوێ بینیمان بڵێن، ئەمڕۆ ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ  کۆدەبێتەوە و بڕیاری کۆتایی لە پرسێکدا دەدات.

ڕاگەیاندنی بڕیاری بەشدارینەکردن لەم خولەی پەرلەمان شاسوار عەبدولواحید دای، ئەگەرچی شاسوار بەردەوام جەختی لەوە دەکردەوە کە ئەوان ھەرگیز درۆ ناکەن لەگەڵ خەڵک، بەڵام دواتر پەشیمان بووە و بڕیاری بەشداریکردنی دا لە پەرلەمان، بەبێ گەڕانەوە بۆ وەرگرتنی ڕای ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکە.

لە تازەترین ھەڵوێستدا و تەنھا ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان لە ١٨ی مانگ، نەوەی نوێ لە ڕێگەی میدیاکەیەوە ڕایگەیاند، کاندیدیان بۆ پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەبێت، ئەمەش دووبارە بەبێ گەڕانەوە بۆ ئەنجومەنی باڵای جوڵانەوەکە، شاسوار عەبدولواحید ئەم بڕیارەیدا. 

ھەموو ئەمانە سەلمێنەری ئەوەن کە پڕوپاگەندەی کردنی کوردستان بە ئیمارات و یابان و قەتەڕ تەنھا درۆیەکی شاعیرانەیە، چونکە ئەمە بەکەسێک ناکرێت کە جوڵانەوەکەی ھاوشێوەی کۆریای باکور لێکردبێت، بەڵکو نەوەی نوێ تەنھا بریتیە لە یەک نەفەر و سەرجەم بڕیارەکان تەنھا بە دەست شاسوار عەبدولواحیدە، کە ئەمەش پێچەوانەی ھەموو جوڵانەوەیەکی سیاسی نوێیە و لە ھیچ وڵاتێکی دنیادا لەم جۆرە جوڵانەوانە و لەم جۆرە لە سیاسەتکردن نەماوە، مەگەر لە کۆریای باکور نەبێت. 

ھەر لەو بارەیەوە لە ماوەی ڕابردوودا چەندین ئەندام و بەرپرسیان دەستیان لە کارکێشاوەتەوە و ڕایانگەیاندووە، لە ناو جوڵانەوەکەدا جگە لە قسەی سەرۆکی جوڵانەوەکە ھیچ قسەیەکی دیکە حسابی بۆ ناکرێت و ھەرکەسیش ڕەخنە لە بڕیارەکانی بگرێت بە جاسوسی لایەنەکانی دیکە ناودەبرێت، بۆیە ئەمەش نیگەرانی زۆری لای ئەندامانی جوڵانەوەکە دروستکردووە و لەگەڵ دەرکەوتنی ڕووی ڕاستەقینەی جوڵانەوەکە پۆل پۆل دەستلەکار دەکێشنەوە.

لە ماوەی ڕابردووشدا، جگە لەو کەسانەی کە کاندید بوون و ناردونیەتیە پەرلەمان رێگەی نەداوە ھیچ کەسێکی دیکە لە ناو جوڵانەوەکەدا دەربکەوێت و بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوەکان و بەرنامە تەلەفزیۆنیەکاندا بکات، ئەمەش بۆ ئەوەی تەنھا و تەنھا خۆی وەک تاکە کەسی یەکەمی حزبەکە دەربکەوێت.

ھەموو ئەمانە و بڕیارە تاک لایەنەکانی شاسوار عەبدولواحید زیاتر ئەوە دەسەلمێنن کە وەک زۆرێک لە چاودێرانی سیاسی و ئەندامانی لایەنەکانی دیکە بەتایبەت بزووتنەوەی گۆڕان پێیانوایە، شاسوار عەبدولواحید و جوڵانەوەکەی دروستکراوی لایەنێکی دیکەیە و بۆ مەبەستێکی سیاسی بەکاردەھێنرێت و رۆژێک ھەر ئاشکرا دەبێت، ئێستا و تەنھا دوای ساڵێک لە دامەزراندنی خەریکە ئەو بۆچوونە بەسەر جوڵانەوەکەدا دەسەپێت.

2019-02-22
زیاتر...
123