راپۆرت

٢٦ ساڵ تێپەڕدەبێت بەسەر کۆچی دوایی ئەحمەدی موفتی زادە

ئاژانسی نھا: ژووری ھەواڵ

ئەحمەدی موفتی زادە لە مانگی ١١ی ساڵی ١٩٣٣ی زایینی لە بنەماڵەیەکی ناسراو بە "بنەماڵەی موفتی" لە شاری سنە، لەدایکبوو، ناوی باوکی "مەلا مەحموودی موفتی"ی کوڕی "عەللامە عەبدوڵای دشەیی"، خەڵکی دشەی لای پاوە، بوو کە دواتر کۆچیان کردووە بۆ شاری سنە.


ئەحمەدی موفتی زادە لە قوتابخانەکانی ئەو سەردەمەی کوردستانی ئێران و عیراق (وەک سنە، سلێمانی، بیارە، مەریوان و چەندین شاری تر) خوێندوویەتی، ماوەیەک لە زانکۆی تاران لە بەشی زانستە دینییەکاندا دەرسی گوتووە، ئەندامی چالاکی ڕۆژنامەی کوردستان (تاران) و ڕادیۆی کوردی تاران و ھەروەھا ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بووە و ھەر بەم بۆنەیەشەوە لە ساڵی ١٩٦٣ دەگیرێت و بەم تاوانانەوە لە بەند دەخرێت:

بەرپرسی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لقی ناوەند(تاران)
پێوەندکاری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و تورکیا


لە بەندیخانەدا تووشی گۆڕانکارییەکی دەروونی قووڵ دەبێت، کە خۆی بە ئەزموونێکی تایبەتیی عیرفانی دادەنێ و دەبێتە سەرچاوەی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بیر و بۆچوونەکانیدا، بۆ خۆی لە ھۆنراوەیەکی فارسیدا بە ناوی "دیسان پێم دەڵێنەوە" (بە فارسی: بە من باز گویند) ئاوا باس لەم ئەزموونە دەکات: 

لەوێ بوو کە دەرسێکم وەرگرت کە لێی دنیایەک فامم ھەڵگرت
بووم بە بارودۆخی جەھان، ئاشنا بە سەدان نھێنی گران، ئاشنا
تێگەییم نەخۆشی ئەم خەڵکە چییە خڵەتێنەری خەڵکی سادە کییە

لە ئاکامدا بەم ئەنجامە دەگا کە ئیمان تاکە ڕێگای ئازادی و ڕزگاری مرۆڤە و گەورەترین دەردی مرۆڤیش دوور کەوتنەوەیە لە قورئان و سوننەت.

دوای ماوەیەک لە زیندان بەر دەبێ و چالاکی دینی خۆی لە ساڵی ١٩٦٤ لە مزگەوتی سەید موستەفای شاری سنە دەست پێدەکا و لە ساڵی ١٩٧٨ مەدرەسەی قورئان، کە دواتر گۆڕا بۆ مەکتەبی قورئان، دادەمەرزێنێت.

لە گەڵ ھەڵبوونی ئاگری شۆڕشی گەلانی ئێران، بە مەبەستی یەکخستنی ئەھلی سوننەتی ئێران و بەرگری لە سەرھەڵدانی دووبەرەکی لە ڕیزەکانی شۆڕشدا، کاری سەرەکی خۆی ھەڵدەسپێرێ و تا سەرکەوتنی شۆڕش لە ساڵی ١٩٧٩، ڕێبەرایەتی ئەھلی سوننەی ئێران لە ئەستۆ دەگرێت و دوای چەند مانگێک لە سەرکەوتنی شۆڕش، گۆڕەپانی سیاسەت بەجێدەھێڵێت  و دەگەڕێتەوە بۆ سەر کاری سەرەکی خۆی لە مەکتەبی قورئاندا.

لە ساڵی ١٩٨٠ کە بڵێسەکانی شەڕی ناوخۆی کوردستان گەشە دەستێنێ، بە مەبەستی تێوە نەتلان بە شەڕی ناوخۆ، کۆچ دەکا بۆکرماشان و زۆری پێ ناچێ لەوێوە دەچێتە تاران،  لە مانگی ٣ی ساڵی ١٩٨٢ بە مەبەستی بەرگری لە مافەکانی ئەھلی سوننەی ئێران (شوورای مەرکەزی سوننەت) (شەمس) پێک دێنێ.
 لە مانگی ٥ی ساڵی ١٩٨٣ ، شەپۆلی قۆڵبەست کردن و گرتنی لایەنگرانی، لە لایەن دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەست پێ دەکا و ، ئەحمەدی موفتیزادەش قۆڵبەست و ڕەوانەی بەندیخانە دەکرێت. 

ئەحمەدی موفتیزادە لە بەندیخانەوە کۆمەڵێک نامە و ئامۆژگاری بۆ شاگردانی دەنووسێ و بە نھێنی ڕەوانەی دەرەوەیان دەکا، بەشێک لەم نامانە بۆ شوورای ڕێبەری مەکتەبی قورئانە و کۆمەڵە بابەتی گرنگ لە سەر دۆز و بزاڤی مەکتەب قورئان لەخۆدەگرێت، زۆربەی نامەکانی ئەحمەدی موفتیزادە، ئامۆژگاری دینین بۆ شوێنکەوتووانی.

موفتی زادە پاش دە ساڵ لە  زیندانی و ئەشکەنجە لە بەندیخانەکانی (کۆمیتەی موشترەک)، (قزڵ حەسار) و (ئێڤین)ی تاران، لە ساڵی ١٩٩٣ بە دۆخێکی تەندروستی خراپەوە ئازاد دەکرێت. دوای سێ مانگ کەوتن لە نەخۆشخانەی ئاسیای تاران، لە٩ی ٢ی ١٩٩٣، کۆچی دوایی دەکات و تەرمەکەی پاش گەڕانەوە بۆ سنە، لە سەر تەپەی شێخ حەمەباقر بەخاک دەسپێدرێت.



لە ئەحمەدی موفتیزادە کۆمەڵێک بەرھەمی نووسراو و تۆمارکراو بەجێ ماوە. نووسراوەکانی بریتین لە کۆمەڵێک کتێب، نامە و چەندین دەفتەری شیعر. پتر لە ٣٠٠کاسێتی دەنگ بە زمانی کوردی و فارسی لە بواری تەفسیری قورئان، بیر و باوڕ، عیبادات و فەلسەفەکانی، سیستەمە فکرییەکان، ئابووری و سیاسی ئیسلام و زانستە ئیسلامییەکانی وەک: زانستە قورئانییەکان، پەروەردە و خێزان بە یادگار ماونەتەوە

ئەگەرچی باری ئەدەبی و ھۆنەری ئەحمەدی موفتیزادە کەمتر ناوبانگی دەرکردووە، بەڵام بەرھەمە ئەدەبییەکانی ئاماژە بە سەرھەڵدانی شێوازێکی نوێی (ئەدەبی دینی کوردی) یان (ئەدەبی پەروەردەیی) دەکات، کە شوێن و پێگەیەکی بەرزی بۆ ڕچاو دەکرێت، ئەم بەرھەمانە، وردە وردە سنووری لایەنگرانی تێدەپەڕێنێ و دەریای ئەدەب و وێژەی کوردی دەدۆزێتەوە. 

بەشێک لە بۆچوونەکانی ئەحمەدی موفتی زادە
- دزە کردن و زاڵ بوونی سیاسەت و ئارەزووگەلی دژە ئیسلامی، حکوومەتی ئیسلامیی تووشی وەرچەرخان و گۆڕانێکی کۆنە پەرستانە کرد و لەو ڕۆژەوە کە حکوومەتی ملھوڕانەی پاشایەتی، جێگای بە حکوومەتی شوورا و دەوڵەتی خەلافەت لەق کرد، بوار بۆ پرشوبڵاوی و دووبەرەکی خۆش بوو، لە ئاکامدا ھەم دین بوو بە مەزھەب و ھەم ئومەتی واحیدە دابەش بوو.


-ھەرمەزھەبێک پێکھاتووە لە ھەندێک پێودانی دینی و ھەندێک بابەتی زیادە، واتە:

ئەمڕۆ کەسێکی موسوڵمانی شوێنکەوتووی یەکێ لە مەزھەبەکان، شوێنکەوتووی کۆمەڵێک شتە کە بەشێکی لە ئیسلامە و بەشێکی تری لە دەرەوەی ئیسلام. ھەروەھا وتوومانە کە: ھەڵێنجانی ئەحکامی جۆراوجۆر لە ھەر سەردەمێکدا، دەبێ بەرھەمی کردوکۆش و ئیجتەھادی خاوەن ڕایان بە شێوەی شوورایی بێ، تەنیا بەم شێوەیە کە خودا ئەو حوکمە بە حوکمێکی ئیسلامی دەناسێت و وەری دەگرێت.

- ئیسلامی شوبھە و موسوڵمانی شوبھە؛ شوبھە بریتییە لە: ھەر ڕووداو، بابەت و چەمکێک کە ئەگەر لێی بکۆڵیتەوە پەسەندی مەکتەبی ئیسلام نەبێ، بڵام لە بەر ناچاری، ھەڵە و شتی وا موسوڵمانێک لە جیاتی ئیسلام وەری دەگرێت.

-  تەنیا لە کاتێکدا دەتوانین کەسێک بە کافر دانێین کە سوور بزانین ھیچ حوجەت و بەڵگەیەکی لە سەر نەماوە؛ واتە بە تەواوەتی لە ڕاستی و دروستی ئیسلام تێگەیشتووە و نادروستی بیر و بۆچوونی دژ بە ئیسلامیشی بۆ دەرکەوتووە، ھەر وەھا نموونە و وێنەی زیندووی دینیشی دیوە، بەڵام دڵ لە وەرگرتنی نووری ئیمان دەقونجێنێ. 






2019-02-09
زیاتر...
123