تەندروستی

چۆن خۆمان لە کۆلیسترۆڵی زیانبەخش بپارێزین

نها نیوز – تەندروستیی

یەکێک لە رێگە سەرەکییەکانی دابەزاندنی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن گۆڕینی شێوازی ژیانە و لە ناویاندا گۆڕینی نەریتە خۆراکییەکان رۆڵێکی سەرەکی هەیە.

زۆر کەس بۆ چارەسەرکردنی بەرزی کۆلیسترۆڵی خوێن پشت بە بەکارهێنانی ڕێگەی سروشتی دەبەستن کە کۆلیسترۆڵی زیانبەخش کەم دەکەنەوە وەک جێگرەوەیەک بۆ دەرمانەکان.

هەندێک نەریتی خۆراکی وادەکەن جۆرە سوودبەخشەکە لە جەستەدا زیادبکەین و جۆرە زیانبەخشەکە کەمبکەینەوە و ئەم بابەتەشمان لەسەر ئەو نەریتە خۆراکییانەیە کە ئەمەمان بۆ دەکەن.

لەبری خواردنی کەمچەوری، سەرنج بخەرە سەر چەوریی سوودبەخش!

خواردنی گۆشتی دەستکاریکراو، نانی سپی و بسکیت هانی بەرزبوونەوەی چەوریی زیانبەخش دەدەن.

واتە بەدوای بسکیت و نان و کولێرەدا مەگەڕێ بەو بیانووەی چەور نین! بەڵکو بەدوای ئەوانەدا بگەڕێ کە چەوریی سوودبەخشیان تێدایە، وەکوو؛ ماسیی چەور، چەرەس، زەیتوون، ئەفۆکادۆ و ناوکەکانی وەکو گوڵەبەڕۆژە و ناوکە کوولەکە.

گرفتی بەشێکی خەڵک ئەوەیە وادەزانن کە خواردنەکە لێی نوسرابوو کەمچەورییە، یان کەم کالۆرییە، ئیدی سوودبەخشە! بەڵام لە راستدا بەشێک لەمانە خواردنی پیشەسازی و دەستکاریکراون و شەکری شاراوەیان زۆرە. ئەمانە زۆرکات ریشاڵی خۆراکییان کەمە کە لە خواردنە سروشتییەکاندا هەیە و دژی هەڵمژینی کۆلیسترۆلە!

خواردنی بێ ریشاڵ وادەکات شەکری خوێن و پاشان ئینسۆلین بە خێرایی بەرزببنەوە و ئاستی هەوکردن لە جەستەدا بەرزدەکەنەوە و لە کۆتاییدا دەبنەهۆی بەرزبوونەوەی چەورییە زیانبەخشەکان لە جەستەدا تەنانەت ئەگەر خودی خواردنەکەش چەور نەبێت. جگە لەمانە، خواردنە دەستکاریکراوەکان و پیشەسازییەکان، ماددەی پارێزەر و سازدەری ئەوتۆیان بۆ زیاددەکرێت کە دەبنەهۆی شێوانی هاوسەنگیی سروشتیی بەکتریاکانی ریخۆڵە و هانی بەرزبوونەوەی چەوریی زیانبەخشی خوێن دەدەن.

گرنگی بە تەماتە بدە!
تەماتە ماددەی لایکۆپینی تێدایە کە دژەئۆکسێنە، دۆستی دڵ و چەوریی سوودبەخش و دژە چەوریی زیانبەخشە.

بە گەدەی بەتاڵ شوفان بخۆ!
شوفان ریشاڵێکی تواوەی خۆراکیی تێدایە کە پێیدەگوترێت گلوکان، کە لە گەدەدا وەکو پێکهاتەیەکی مڵی لێدێت و دە ئاڵێت بە چەورییە زیانبەخشەکانەوە و ناهێڵێت چەورییە زیانبەخشەکە لە ریخۆڵەوە هەڵبمژرێت بۆ ناو سووڕی خوێن.

ستیرۆڵی رووەکی بخۆ!
ستیرۆڵ و ستانۆڵ هەندێک ماددەن لە رووەکەکاندا کە رووکاری گەردەکانیان لە کۆلیسترۆڵ دەچێت و لە ریخۆلەدا کێبڕکێ لەگەڵ کۆلیسترۆڵ دەکەن و ناهێڵن ئەو هەڵبمژرێت.

ئەو خۆراکانەی ستیرۆڵیان تێدایە بریتین لە: برۆکلی، قەرنابیت و ئەڤۆکادۆ

ئەوانەش کە ستانۆڵیان تێدایە بریتین لە: بادەم، عەلی بابا و گوڵەبەڕۆژە

زەیتی ئۆرگانیی زەیتوون لەبیر مەکە
زەیتی ئۆرگانیی زەیتوون، بە تایبەت ئەوەی بە رێگەی پەستانی سارد دروستدەکرێت، پڕە لە چەوریی سوودبەخشی ناتێر کە چەوریی سوودبەخشی جەستە زیاددەکەن و هی زیانبەخش کەمدەکەنەوە. جگە لەمە، زەیتوون ماددەی دژەئۆکسێن و دژە هەوکردنی تێدایە کە دژ بە نیشتنی کۆلیسترۆڵن لەسەر ناوپۆشی بۆرییەکانی خوێن.

2025-12-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.