قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کۆبووەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران پێشوازیکرد لە بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بڵاویکردەوە، قوباد تاڵەبانی پێشوازی لە ماسامیشی سوگایا، بەرپرسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن کرد و پێکەوە گفتوگۆیان کرد لەبارەی چۆنییەتی بەهێزترکردنی پەیوەندییەکانی ژاپۆن لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باس لە رووداوی هێرشکردنەسەر کێڵگەی گازی کۆرمۆر کرا و هەردوولا رووداوەکەیان بە هێرشکردنەسەر ژێرخانی وزە و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق وەسف کرد، ماسامیشی سوگایا پشتیوانی و هاوسۆزی وڵاتەکەی بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئیدانەی هێرشەکەی کرد و هیوای خواست جارێکی دیکە ئەم جۆرە هێرشانە دووبارە نەبێتەوە.
قوباد تاڵەبانی روونیکردەوە، کە لەگەڵ ئەوەدانین گازی هەرێمی کوردستان هەناردەی دەرەوە بکرێت، بەڵکو دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ و دابینکردنی کارەبا بەکاربهێنرێت و بخرێتە خزمەت گەشەپێدانی ئابووری کوردستانەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بە گرنگییەوە باس لە پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری عێراق و هەرێمی کوردستان کرا، بە تایبەتیش لەم قۆناغەدا کە عێراق و کوردستان بەرەو گەشەپێدانی ئابووری هەنگاودەنێن و کۆمپانیا و وەبەرهێنەرانی ژاپۆن و وڵاتانی دیکە خواستیان بۆ وەبەرهێنان لە عێراق زیاتر بووە.
جێگری سەرۆک وەزیران بەهێزترکردنی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان ژاپۆن و عێراق و هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی پێویست زانی و جەختیشی کردەوە کە ژاپۆن دەتوانێت رۆڵێکی زیاتر و کاریگەرتر ببینێت لە پرۆسەی گەشەپێدانی کوردستان و عێراقدا.
لە تەوەرێکی دیکەدا گفتوگۆکرا لەبارەی پرۆسەی سیاسی عێراق لە دوای هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەران، هەردوولا هیوایان خواست حکومەتی داهاتووی عێراق بە زوویی پێکبهێنرێت و بە جۆرێک بێت کە جێی رەزامەندی هەموو پێکهاتەکان بێت.
سەبارەت بە پێگەی کوردیش لە عێراق، قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا، کە دەبێت پێگەی کورد لە بەغدا بەهێزتر بێت بۆ ئەوەی پێگەی هەرێم بەهێزتر و پارێزراوتربێت.
   
|