زەنگی هێرش بۆ سەر ئێران لێدرا
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم لە چاوپێکەوتنێکدا هۆشداریی داوە لەوەی کە ئێران دەبێت هاوکارییەکانی لەگەڵ پشکنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان “بە جددی باشتر بکات” بۆ ئەوەی گرژییەکان لەگەڵ ڕۆژئاوا پەرە نەستێنێت.
ڕافائیل گرۆسی سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز کە ڕۆژی چوارشەممە بڵاوکرایەوە، وتی” ئاژانسەکە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی ئێران و ئیسرائیل لە مانگی حوزەیرانەوە نزیکەی دەیان پشکنینی لە ئێران ئەنجامداوە بەڵام ڕێگەی پێنەدراوە بگاتە گرنگترین دامەزراوە ئەتۆمییەکان، لەوانە فۆردو، نەتەنز و ئیسفەهان کە لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆردومانکراون”.
گرۆسی راشیگەیاند" لەکاتێکدا هێرشەکان زیانێکی زۆریان بە دامەزراوەکان گەیاندبوو، بەڵام چارەنووسی 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی کە بە ڕێژەی لەسەدا 60 پیتێندراوە بە ناڕوونی ماوەتەوە".
لای خۆشییەوە عەباس عەراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکدا رایگەیاند کە 408 کیلۆگرام یۆرانیۆمی بە ڕێژەی لە سەدا 60 لە ژێر داروبەردی ناوەندە بۆردومانکراوەکاندایە و دووپاتیشیکردەوە کو ئێران دەست لە پیتاندنی یۆرانیۆم هەڵناگرێت.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاندبوو کە ئەگەر ئێران دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بکاتەوە جارێکی دیکە بۆردومان دەکرێت.
|