نها نیوز – هەواڵەکان
رۆژنامەی شەرقول ئەوسەت بڵایکردەوە، حەماس رازیبووە بە دانانی چەكە قورسەكانی؛ ئەمریكاش پێشنیازەكەی بەلاوە پەسەندە، جگە لەوەی ئیسرائیک داوای خاپورکردنی تەواوی تونێلەکان دەکات، بەڵام حەماس بەڵێنیداوە چەکی قورس پەرە پێنەدات و بەقاچاخ نەیگوازێتەوە.
بەشارە بحبح، سەرۆکی لیژنەی عەرەبی ئەمریکی بۆ ئاشتی و ناوبژیوان لە غەززە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ "شەرقول ئەوسەت"، دەڵێت "بزووتنەوەی حەماس كە پێشتر چەندین دانوستانی لەگەڵدا کردووە بۆ ئازادكردنی بارمتەكان، ئامادەیی و نیشانداوە بۆ داماڵینی چەک و جبەخانە قورسەکانی".
بحبح هاوکات کە سەرمایەداری ئەمریکییشە و بە رەچەڵەک فەڵەستینییەنئاشكراشیكردووە "بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا ئاگاداریان کردووەتەوە کە واشنتۆن کراوەیە بۆ قبوڵکردنی گەڵاڵەیەك كە حەماس تەنها چەکە قورسەكانی رادەست بکات".
دەشڵێت "لەگەڵ بەرپرسانی ئەمەریکا ئەم بابەتەم تاوتوێ کردووە، ئەوانیش پێیان وتم کە دەكرێت چەکداماڵین بەوشێوەیە پێناسە بکرێت کە حەماس چەکە قورسەكانی رادەست بکات و لەهەمانکاتدا چەکی تاکەکەسی بۆ بەرگریکردن لە خۆی بهێڵێتەوە".
سەرۆکی لیژنەی عەرەبی ئەمریکی ئاماژەی بەوەشكردووە، کراوەیی و ئامادەیيشی لە بەرپرسانی حەماس بینیوە كاتێك قسەى لەگەڵ کردوون بۆ رازیبون بە چەکداماڵین بەوشێوەیە.
بەوتەی ناوبراو "حەماس پێی وتم؛ پابەندە بەوەی هیچ چەکێک لە کەرتی غەززە پەرەپێنەدات و هیچ چەکێکی قاچاغیش نەهێنێتە ناوەوە، ئەمانە دوو خاڵی گرنگن، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت چەکداماڵین لەناوبردنی تونێلەکانی کەرتی غەززە بگرێتەوە، ئەمەش دەكرێت چەندین ساڵ بخایەنێت و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوەی غەززە دوابخات، چونکە 350 کیلۆمەتر تونێل لەژێر کەرتی غەززەدا هەیە، ئیسرائیل بانگەشەی ئەوە دەکات کە لەسەدا 60ی لەناوبردووە، بەڵام کەس راستییەکە نازانێت و پێشبینی ناکەم حەماس بزانێت چی لەناوچووە".
لەبارەی ئەگەری زۆرترین سیناریۆش بۆ چەکداماڵینی حەماس، بەشارە بحبح پێیوابووە، داماڵینی چەک داواکارییەکی سەرەکی ئیسرائیلە، هەروەها واشنتۆنیش، ئەوەی بەرپرسانی ئەمریکا پێیان وتووە؛ لەوانەیە رووبدات پۆلێنکردنی چەکەکان و رادەستکردنی قورسەکانە بە میسر یان لایەنێكی میسری- فەڵەستینی.