نهانیوز-هەواڵەکان
پرۆسەی ئازادکردنی بارمتە ئیسرائیلییەکانی غەززە لە کاتژمێر 8ـی بەیانی لە میحوەری نەتساریمەوە دەستی پێکرد و کاتژمێر 10ـی بەیانی لە خانیونس لە غەززە بەردەوام دەبێت.
کاتژمێر 8ـی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 13-10-2025، بزووتنەوەی حەماس ژمارەیەک بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستبەسەری کردبوون لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، لە بەرامبەر نزیکەی دوو هەزار زیندانیکراو و دیلی فەڵەستینی بەپێی مەرجەکانی ئاگربەست ئازاد کرد.
لای خۆشییەوە خاچی سوور ڕایگەیاند، حەوت بارمتەی (ئیسرائیلی)مان وەرگرتووە پاش ئازادکردنیان لە کەرتی غەززە.
بەگوێرەی پلانەکەی ترەمپ، کاتێک حەماس بارمتەکان ڕادەست دەکات، ئیسرائیل دەست بە ئازادکردنی نزیکەی دوو هەزار زیندانیکراوی فەڵەستینی دەکات.
لەو 48 بارمتەیەی بڕیارە لەلایەن حەماسەوە ئازاد بکرێن، 20 ـیان زیندوون، زۆربەی ئەو بارمتە زیندووانەی کە ئازاد دەکرێن، لە شوێنی فیستیڤاڵی مۆسیقای نۆڤا لە نزیک کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی ڕەعیم لە باشووری ئیسرائیل ڕفێندراون.
حەوت لە بارمتەکان لە ماڵەکانیان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبوونەکانەوە ڕفێندراون، کە ناوچەی نیشتەجێبوونی بچووکن لە نزیک سنووری غەززە.
دوو لە بارمتەکان ماتان ئەنگریست (22 ساڵ) و نیمرود کۆهین (20 ساڵ) ـن، کە دوو سەربازی ئیسرائیلین و لە شەڕەکانی 7ـی تشرینی یەکەمدا لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە بە دیل گیران.
چوار بیانی لە کۆی 48 بارمتەکەدان. مردنی سێ کەسیان ڕاگەیێنراوە، کە بریتین لە قوتابیەکی تەنزانی و دوو کرێکاری تایلەندی. هێشتا چارەنووسی قوتابی نیپالی 'بیبین جۆشی' نادیارە.
دەسەڵاتدارانی ئیسرائیل بە فەرمی مردنی 26 بارمتەیان ڕاگەیاندووە بە پشتبەستن بە پزیشکی دادوەری و زانیاری هەواڵگری. هێشتا چارەنووسی دوو کەس نادیارە.
حەماس ئاماژەی بەوەداوە کە گەڕاندنەوەی تەرمی هەندێک لە بارمتە کوژراوەکان ڕەنگە کاتێکی زۆر بخایەنێت، بەو پێیەی هەندێک لە شوێنی ناشتنەکان نادیارن.