برە پارەیەک گەیشتە هەرێم و دابەش دەکرێت
نهانیوز-هەواڵەکان
بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێم رایگەیاند، ئەمرۆ بڕی 15 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکە خراوەتە سەر هەژماری بانکیان و وتیشی "دابەشکردنی قۆناغی یهكهمی چەکی پارەی گەنمی جوتیاران لە کۆتاییدایە و ههوڵدهدهین لهم ههفتهیه دهست به دابهشكردنی قۆناغی دوهم بكهین".
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی هەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد، دابەشکردنی چەکی پارەی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەڕێگەی سایلۆکانەوە بەردەوامە، لە قۆناغی کۆتاییدایە و تەنیا چەند جوتیارێک ماون، ئەوانیش بەهۆی کێشەی یاسای تاوەکو ئێستا وەریان نەگرتوە، لە چەند ڕۆژی داهاتو سەرجەمیان وەردەگرن و قۆناغی یەکەم کۆتایی دێت.
نەوزاد شێخ کامیل ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمڕۆ ئاگاداریان کردینەوە، بڕی 15 ملیار و 500 ملیۆن دیناری دیکە خراوەتە سەر هەژماری بانکیمان، شەش ملیار دینار بۆ سلێمانی و پێنجی بۆ هەولێر و چوار ملیار و 500 ملیۆن دیناری بۆ دهۆکە، هەمو هەوڵێک دەدەین لەم هەفتەیە دابەشی بکەین.
|