ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی بافڵ تاڵەبانی و نوری مالیکی ئاشکراکرا
نها نیوز - هەواڵەکان
بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی و نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبونەوە و پرسی رێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراقیان تاوتوێکرد و جەخت لە پابەندبونی هەردولا بە رێککەوتنەکەوە کرایەوە.
بافڵ تاڵەبانی، سهرۆكی یهكێتیی نیشتیمانیی کوردستان لەراگەیەندراوێکدا وتویەتی "لە بەغدا لەگەڵ نوری مالیکی، سەرۆکی ھاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا کۆبووینەوە و گۆڕانکاری و پێشهاتە سیاسییەکان لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە گفتوگۆ کرا".
ئەوەش هاتووە "لە کۆبونەوەکەدا پێویستی رەخساندنی زەمینەی لەبار بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد جەختی لەسەر کرایەوە و داواکرا هەموو لایەک بە بەرپرسیارێتی نیشتمانییەوە بانگەشەیەکی شارستانییانە بەڕێوەببەن و پرۆژە و هەوڵەکانیان لەچوارچێوەی خزمەتکردنی ئامانجە باڵاکاندابێت".
هەر بەپێی ڕاگهیهندراوهكه، پرسی رێککەوتنی نەوتی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێکرا و جەخت لە پابەندبونی هەردوولا بە رێککەوتنەکەوە کرایەوە، بەشێوەیەک مافی خەڵک و دابینکردنی مووچە پارێزراوبێت و خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان دوربخرێنەوە.
|