کوردستان

نوێترین زانیاریی لەبارەی مووچەی مانگی 8 راگەیەندرا

نها نیوز – هەواڵەکان

سەرچاوەیەکی ئاگادار رایگەیاند، ئەگەر سبەینێ سوودانی پرسی مووچەی هەرێم  یەکلایی نەکاتەوە،  لە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی مووچە دەدرێت. 

 سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارەی هاتنی مووچەی مانگی 8 ئاشکرای کرد، چاوەڕوان دەکرێت رۆژی سێشەممە لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا  بریار لە خەرجکردنی مووچە بدرێت و لەم هەفتەیە مووچەی مانگی هەشت بنێردرێ.

هەروەها لەبارەی ناردنی داهاتی نانەوتی هەرێمی کوردستان سەرچاوەکە راشیگەیاند، تاوەکوو ڕێکارەکانی ناردنی مووچەی مانگی هەشتی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەست پێنەکات، حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەو 120ملیار دینارە نانێرێت.

بەگوێرەى زانیارییەکان، کە لە ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان و وەزارەتى دارایی هەرێمى کوردستان پێیگەیشتووە،داهاتى نانەوتیی مانگى هەشت کە بڕەکەى 120 ملیار دینارە و ئامادەیە بۆ رەوانەکردنى بۆ بەغداد و هیچ گرفتێک لەو رووەوە بوونى نییە.

لە کۆبوونەوەى رۆژى یەکی تشرینی یەکەمی 2025، ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بڕیاریدا لە رێگەى لیژنەیەکى باڵاى وەزارەتى دارایی پێداچوونەوە بە خەرجیی و کۆکردنەوەى داهاتەکان بکرێت و داهاتى نانەوتى بۆ مانگى هەشت ئامادە بکرێت.

فەرمانبەران، مامۆستایان، و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان لەمساڵدا تەنها حەوت مووچەیان وەرگرتووە و چاوەڕێی پێنج مووچەی دیکەن. تەنها 67 رۆژ ماوە تا راگرتنی خەرجییە داراییەکان لە 15ـی کانوونی یەکەم، ئەمەش واتای ئەوەیە کە پێویستە بەغداد هەر 13 رۆژ جارێک مووچەیەک رەوانە بکات بۆ ئەوەی سەرجەم مووچەکان بنێردرێن.

2025-10-11
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.