تەندروستی

کۆڵنج پشتگوێ مەخە

نها نیوز – تەندروستی

جەڵتەی دڵ یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە نابێت پشتگوێبخرێت، بەڵام هەندێک نیشانەش هەن کە بە لاڕێماندا دەبەن و وادەکەن کەسانی تووشبوو نەبرێنە نەخۆشخانە لەکاتی پێویستدا، یەكێک لەو  نیشانانە کۆڵنج کردنە، بەڵام ئەگەر کەسێک لەپڕ هەستیکرد قورساییەکی زۆر لەسەر پشتییەتی، ئەم ئازار و قورساییە لەگەڵ هیلاکبوون و جوڵەدا زیادیکرد، بە مەساج و شێلان و دەرمانیش هەستی بە باشتربوونەوە نەکرد، ئەوا دەکرێت نیشانەیەکی جەڵتەی دڵ بێت و نابێت پشتگوێبخرێت.

جەڵتەی دڵ کاتێک ڕوودەدات کە خوێنی پێویست بە ماسولکەکانی دڵ نەگات.

زانینی هۆکار و نیشانەکانی جەڵتەی دڵ یارمەتیت دەدات لە ساتەوەختە گرنگەکاندا ببیتە فریادڕەسی مرۆڤ. بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، نەخۆشییەکانی دڵ 32 لە سەدی سەرجەم گیانلەدەستدانەکان لە جیهاندا پێکدەهێنن. لەم ڕێژەیەدا 85 لە سەدی مردنەکان پەیوەندییان بە جەڵتەی دڵەوە هەبووە.

جەڵتەی دڵ یەکێکە لەو حاڵەتانەی کە نابێت پشتگوێبخرێت و پێویستە کەسی تووشبوو لە کەمترین کاتدا بگەیەنرێتە نەخۆشخانە، زۆرجار لەڕێگەی نیشانەکانییەوە دەناسرێتەوە، بەڵام هەندێک نیشانەش هەن کە بە لاڕێماندا دەبەن و وادەکەن کەسانی تووشبوو نەبرێنە نەخۆشخانە لەکاتی پێویستدا.

نیشانە چاوەڕواننەکراوەکان کامانەن؟
ئازاری شەویلگە و ددان، ئارەقکردنەوە، ئازاری پشت، سەرگێژخواردن، دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە و دڵەکزێ، لە نیشانە چاوەڕواننەکراوەکانی جەڵتەی دڵن، هەندێجاریش دەکرێت جەڵتەکە بێدەنگ بێت و هیچ نیشانەیەکیش دروست نەکات.

جیاوازیی نێوان ئازاری شەویلگە و ددان بەهۆی جەڵتەی دڵەوە
بە گشتی ئەگەر ئازاری شەویلگە و ددان سەرچاوەکەی جەڵتەی دڵ بێت بەم جۆرە دەبێت:

کەسەکە هەستدەکات ئازار و قورساییەک لە شەویلگەی هەیە و بەتایبەتیش لە شەویلگەی چەپدا دروستدەبێت، ئازارەکە لە پڕ دروستدەبێت و لەوانەیە بڵاوببێتەوە بۆ مل، شان و قۆڵ، لەوانەیە کەسەکە لەگەڵ ئەم نیشانەیەدا نیشانەی دیکەی جەڵتەی دڵیشی بۆ دروستببێت.

بەڵام ئازاری ددان و شەویلگە بە شێوازێکی ئاسایی بە جۆرێکە کە لە پڕ دروستنابێت، سروشتی ئازارەکە جیاوازترە و کەسەکە لەوانەیە بە ساردی و گەرمی ئازاری ددانی بۆ دروستببێت.

جیاوازیی نێوان ئارەقکردنەوەی ئاسایی و ئارەقکردنەوەی پەیوەست بە جەڵتەی دڵ ئەمانەن
بە شێوازێکی ئاسایی کەسێک ئەگەر هیلاکببێت، گەرمای ببێت یان دڵەڕاوکێ و گوشاری دەروونیی زۆر بێت، ئارەقدەکاتەوە و هەموو ئەمانە ئاسایین، بەڵام ئەگەر کەسەکە لە شوێنێکی فێنک و سارد، لەکاتی پشوودا، بەبێ هیچ دڵەڕاوکێیەک هەست بکات ئارەقێکی سارد دەکاتەوە، ئاسایی نییە و لەوانەیە نیشانەیەکی جەڵتەی دڵ بێت.

جیاوازیی نێوان ئازارەکانی پشت
هەندێجار لەوانەیە نیشانەی جەڵتەی دڵ ئازاری بەشی سەرەوە و ناوەڕاستی پشت بێت، بە زۆری تووشبووانی جەڵتە پێیان وایە ئەم ئازارە هۆکارەکەی کۆڵنجە و پشتگوێی دەخەن، بەڵام ئازاری پشت بەهۆی کۆڵنجەوە جیاوازە لە ئازاری پشت پەیوەست بە جەڵتەی دڵ.

بە شێوازێکی ئاسایی ئەگەر کەسێک وەرزشێکی کردبێت، سەرمای بووبێت یان هیلاکبووبێت، لەوانەیە ماسولکەکانی پشتی گرژببن و کۆڵنج بکەن، ئەم کەسانە بە مەساج و شێلان هەست بە باشتربوون دەکەن و هەندێجاریش سوود لە حەبی خاوکردنەوەی ماسولکەکان وەردەگرن.

بەڵام ئەگەر کەسێک لەپڕ هەستیکرد قورساییەکی زۆر لەسەر پشتییەتی، ئەم ئازار و قورساییە لەگەڵ هیلاکبوون و جوڵەدا زیادیکرد، بە مەساج و شێلان و دەرمانیش هەستی بە باشتربوونەوە نەکرد، ئەوا دەکرێت نیشانەیەکی جەڵتەی دڵ بێت و نابێت پشتگوێبخرێت.

سەرگێژخواردن بەهۆی جەڵتەی دڵەوە
بە گشتی کاتێک کەسێک سەری گێژدەخوات، پێیوایە فشاری خوێنی نزم بووەتەوە، یان ماندووە، بەڵام ئەگەر کەسێک لە پڕ سەری گێژیخوارد، لەگەڵیدا ئارەقیکردەوە، رشایەوە یان هەستی بە بێهێزیی زۆر کرد، نابێت پشتگوێی بخات چونکە ئەمەش یەکێکە لە نیشانەکانی جەڵتەی دڵ.

دڵتێکەڵهاتن و رشانەوە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە
بە شێوازێکی ئاسایی ئەگەر کەسێک پەتای هەبێت، یان بە خۆراکێک ژەهراوی ببێت، ئاساییە بڕشێتەوە، بەڵام ئاسایی نییە ئەگەر کەسەکە بەبێ هەبوونی ئەم هۆکارانە لە پڕ بڕشێتەوە و نیشانەکانی دیکەی جەڵتەی دڵیشی هەبێت، وەکو سەرگێژخواردن، ئارەقکردنەوە و نیشانەکانی دیکە.

دڵەکزێی پەیوەست بە جەڵتەی دڵ
بە شێوازێکی ئاسایی کەسێک کە خواردنێکی توون بخوات یان گرفتی گەدە و دەرچەی گەدەی هەبێت، تووشی دڵەکزێ دەبێت، ئەم کەسانە بە وەرگرتنی حەبی دژە ترشی باشتر دەبن، بەڵام ئەگەر کەسێک بەبێ خواردنی هیچ جۆرە خۆراکێکی لەو جۆرە، لە پڕ تووشی دڵکزێ بوو و باشنەبووەوە بە حەبی دژەترشی، نابێت حاڵەتەکەی پشتگوێ بخات و دەکرێت نیشانەیەکی جەڵتەی دڵ بێت.

 
2025-10-01
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.