نها نیوز – هەواڵەکان
توێژینەوەیەکی نوێ ئاشکرایکردووە، بەشێک لەوانەی دەرزی کێشدابەزاندن بەکاردەهێنن، زیاتر لە جاران تامی شیرینی و سوێری دەکەن و تامی ترشی و تاڵییان تێدا دەگۆڕێت.
توێژینەوەکە لەسەر 400 کەس ئەنجامدراوە و تێیدا دەرکەوتووە لەهەر پێنج کەس کە دەرزییەکانی کیشدابەزاندن (ئۆزەمپیک، مونجارۆ و ویگۆڤی)ـیان بەکارهێناوە، کەسێکیان زیاتر لە جاران تامی شیرینی و سوێری دەکەن، ژمارەیەکی زیاتریشیان زووتر لە جاران تێردەبن و کەمتر لە جاران برسیێتیی توندیان دەبیت.
تەو توێژینەوەیە لە نەمسا و ئەڵمانیا بە هاوبەشی ئەنجامدراوە و دەرەنجامەکانی لە کۆبوونەوەی ئەمساڵی کۆمەڵەی شەکرەی ئەوروپا لە ڤیەننا پێشکەشکران کە رۆژانی 15-ـ19ی ئەم مانگە بەڕێوەچوو تێیدا بەشێک لە پزیشکانی کوردیش بەشدارییان کردووە.
لەتوێژینەوەکەدا باس لەوە دەکرێت کە پێنجیەکی بەشداربووان وتویانە؛ ئێستا زیاتر لە جاران تامی شیرینی و سوێری دەکەن، بەڵام هەستیان بۆ ترشی و تاڵی هەروەکو جارانە و نەگۆڕاوە.
ئەوەش خراوەتە روو، ئەو کەسانەی زیاتر هەستیان بە شیرینی و سوێری دەکرد، زیاتر لەوانەی دیکە هەستدەکەن بەوەی وەکو جاران هەست بە برسییەتی ناکەن و زووش لە خواردن تێردەبن.
لایخۆشیەوە پرۆفیسۆر ئوتمان موسر، یەکێک لە سەرپەرشتیارانی توێژینەوەکە لە ئەڵمانیاوە، دەڵێت "ئەم دەرمانانە هەر کار لەو ناوچانەی گەدە و مێشک ناکەن کە پەیوەندییان بە هەستی تێربوون و برسیبوونەوە هەیە، بەڵکو کار لە چەژەگۆپکەکانی ناو دەم و ئەو ناوچانەی مێشکیش دەکەن کە لێکدانەوە بۆ تامەکان و هەستی وەرگرتنی خەڵات دەکەن!".