تەندروستی

ئەو نەخۆشیە کامەیە ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت لە شێرپەنجە مەترسیدارترە؟

نها نیوز – تەندروستی

نەخۆشیی شەکرە نەخۆشییەکی باوە و لە هەرێمی کوردستانیش تووشبووی زۆر هەیە، پزیشکێکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناویش دەڵێت "شەکرە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و ئەگەر کۆنترۆڵنەکرێت، لە شێرپەنجە مەترسیدارترە، چونکە کاریگەری لەسەر بەشێکی زۆر لە ئەندامەکانی جەستە دادەنێت.
د. عومەر محەمەد قادر سورچی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی هەناو،لە لێدوانێکدا باسی لە نەخۆشیی شەکرە دەکات و شێوازەکانی دەستنیشانکردن و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکەی  دەخاتە روو.
چەند نیشانە و ئاماژەیەك هەن، رەنگە هەموو كەسێك هەستیان پێنەكات كە نیشانەكانی تووشبوونن بە نەخۆشیی شەكرە، بۆیە لە حاڵەتی دەركەوتنی ئەو نیشانانە پێویستە رێوشوێنی پێویست بگریتەبەر بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشییەكە. گرنگترین نیشانەكانیش بریتین لە:
دابەزینی کێش
میزکردنی زۆر
زووزوو برسیبوون
ئاوخواردنەوەی زۆر

نەخۆشییەکە چۆن دەستنیشاندەکرێت؟
لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا د، عومەر محەمەد وتی "بە چەند جۆرێکی جیاواز پێویستە پشکنینی شەکرە بۆ کەسەکە بکرێت، بۆ نموونە ئەگەر شەکرەی چارەخوازەکە لە بەیانیاندا لە 125 زیاتربێت، ئەگەر شەکرەی سێ مانگییەکەی لە 6.5 زیاتر بێت ئەوا واتای وایە کەسەکە تووشبووە، هەروەها یەکێکی دیکە لەو رێگەیانەی لە دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکەدا بەکاریدەهێنین ئەوەیە کە 75 گرام لە شەکراو دەدەین بە چارەخوازەکە و پاشان هەموو نیو کاتژمیر جارێک پشکنینی بۆ دەکەین و لە کۆتاییدا نابێت شەکرەی کەسەکە لە 140 زیاتر بێت، ئەگەر زیاتر بوو ئەوا واتای وایە کەسەکە تووشبووە".

لەو کەسانەی شەکرەیان هەیە نەخۆشییەکە چۆن کۆنترۆڵدەکرێت؟

بە گشتی ئەگەر پشکنینی شەکرە بە سکی بەتاڵ لە 125 کەمتربێت، شەکرەی سێ مانگی لە 6.5 کەمتربێت و لە دوای نانخواردنیش لە 140 کەمتربێت، ئەوا واتە کەسەکە نەخۆشییەکەی کۆنترۆڵکراوە.

گرنگە ئەم کەسانە رۆژانە بۆ ماوەی کاتژمێرێک وەرزشبکەن، دەتوانن بە خێرایی بە پێ بڕۆن، بەڵام گرنگە هەست بە ماندووێتی بکەن، ئارەقبکەنەوە و تووشی دڵەکوتێ ببن، ئینجا سوود لە وەرزشەکە دەبینن.

پێویستە ئەم کەسانە ئاگاداری سیستمی خۆراکی بن و دووربکەونەوە لەو خۆراکانەی بە خێرایی شەکری خوێن بەرزدەکەنەوە، وەکو برنج، پەتاتە، میوەی شیرین، شەکر، شیرینی، شەربەت و ئەو خۆراکانەی هەویرن.

گرنگە لە پاش دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەم کەسانە وەرزشبکەن، سیستمی خۆراکییان تەندروست بکەن و بە بەردەوامی پشکنینی شەکری خوێن بکەن.

شەکرە نەخۆشییەکی مەترسیدارە و ئەگەر کۆنترۆڵنەکرێت، لە شێرپەنجە مەترسیدەرترە، چونکە کاریگەری لەسەر بەشێکی زۆر لە ئەندامەکانی جەستە دادەنێت.

تا دێت، ڕێژەی تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە لە نێو دانیشتوانی عێراقدا هەڵدەکشێت و ڕێکخراو و ناوەندە تەندروستییە جیهانی و ناوخۆییەکانی عێراقیش سەبارەت بەو مەترسییە هۆشداری دەدەن.
بەپێی ئاماری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تا کۆتایی ساڵی ڕابردوو، تووشبوانی نەخۆشی شەکرە لە جیهاندا، ژمارەیان گەشتوەتە " 537" ملیۆن کەس.

2025-09-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.