ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوە لەسەر مووچە و نەوت ئەنجام دەدرێت
نها نیوز - هەواڵەکان
بڕیارە ئەمڕۆ دوو کۆبوونەوەی گرنگ لە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق و ئەنجومەنی دەوڵەت تایبەت بە یەکلاکردنەوەی مووچە و شایستە داراییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پرسی داهاتی نا نەوتی بکرێن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە کاتژمێر 09:00 بەیانی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت دەکرێت، کە دوو ڕاوێژکاری هەرێمی کوردستان لە وەزارەتەکانی دارایی و داد بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکان، لەکۆبونەوەکەدا لەگەڵ 23 ڕاوێژکاری و دادوەر تاوتوێ ڕەشنووسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق دەکەن، دواتر ڕاوێژی یاسایی خۆیان دەدەنە ئەنجومەنی وەزیران.
زانیارییەکان ئاشکراشیانکردووە، هەر ئەمڕۆ پاشنیوەڕۆ کۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەى ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق لە کاتژمێر یەک دەکرێت و تێیدا باس لە پرسی داهاتی نا نەوتی، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و ناردنی مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوول دەکرێت.
ئەوەش رونکراوەتەوە، هەرچەندە ئەمڕۆ پرسی مووچە لە کارنامەی کۆبوونەوەکەشدا نییە، بەڵام لەگەڵ وەڵامدانەوەی ئەنجومەنی دەوڵەت، ئەو پرسانە دەخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکە.
|