جیهان

ئێران بە هۆی نەخۆشییەک دەکەوێتە ئامادەباشییەوە

نهانیوز-هەواڵەکان

سەرهەڵدانی ئەنفلۆنزای وەرزیی لە ئێران، حکومەتی ئەم وڵاتەی ناچار کردووە ملیۆنان بەشە (دەوس) ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا هاوردە بکات و هەموو دامەزراوە تەندروستییەکانی بخاتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە.

چوارشەممە 10ی ئەیلول محەممەد هاشمی، وتەبێژی ڕێکخراوی خۆراک و دەرمانی ئێران رایگەیاند کە پەتایەکی وەرزی بڵاوبووەتەوە و بەو بۆنەیەشەوە ناوەندەکانی تەندروستی خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

دەشڵێت" تائێستا یەک ملیۆن دۆز ڤاکسینی ئەنفلۆنزا دابەش کراوە. نرخی هەر دۆزێک 917 هەزار تمەنە، بەڵام بۆ ئەو هاووڵاتییانەی باری تەندروستییان زۆر خراپە و توانای دابینکردنی نرخی ڤاکسینەکەیان نییە، بە بێ بەرامبەر بۆیان دابین دەکرێت".

هاشمی جەختی لەسەر ڕێکارەکانی خۆپارێزی کردەوە و ڕایگەیاند: "شوشتنی بەردەوامی دەستەکان، بەکارهێنانی ماسک لە ژینگەی قەڵەباڵغدا، ڕەچاوکردنی پاکوخاوێنیی کۆئەندامی هەناسەدان لە کاتی کۆکە و پژمیندا، خۆراکی گونجاو، خەوی پێویست و چالاکیی جەستەیی ڕێک و پێک ڕۆڵێکی گرنگیان لە کەم کردنەوەی تووشبووندا هەیە."

ناوەندە تەندروستییەکانی ئێران ڕوونیان کردووەتەوە کە حاڵەتەکانی ئێستا ئەنفلۆنزای وەرزیین و پەیوەندییان بە ڤایرۆسی کۆرۆناوە نییە. ئەوان ئامۆژگاری هاووڵاتییان دەکەن لە ماڵەوە بمێننەوە، خۆیان کەرەنتین بکەن و ڤاکسینی دژە ئەنفلۆنزا وەرگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە کە وەزارەتی تەندروستی ئێران هۆشداریی داوە کە ڕێژەی تووشبوون بە ئەنفلۆنزا لە بەرزبوونەوەدایە و پێویستە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و وەرگرتنی ڤاکسین بە زووترین کات ئەنجام بدرێن. وەزارەتەکە ڕاشیگەیاندووە کە بە وردیی چاودێریی دۆخەکە دەکات و هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەم دۆخە، ئاماژەی بەوەشدا کە ڤاکسینە هاوردەکراوەکان لە وڵاتانی فەڕەنسا و هۆڵەندا کڕدراون.

2025-09-10
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.