ئێران و ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم رێککەوتن
نها نیوز – هەواڵەکان
وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاشکرایکرد، لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لەسەر چوارچێوەی نوێی هەماهەنگیی نێوانیان رێککەوتوون، بەڕێوەبەری ئاژانسەکەش رێککەوتنەکە بە هەنگاوێکی گرنگ بە ئاڕاستەیەکی راست ناودەبات.
دوای ئەوەی تاران سەرجەم هەماهەنگییەکانی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا هەڵپەساردبوو، لە نوێترین پێشهات دا ئیسماعیل بەقائی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی نێوان عەباس عێراقچی، وەزیرى دەرەوەی ئێران و رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەرى ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە قاهیرە، گەیشتوون بە لیکتێگەیشتن هاوبەش سەبارەت بە شێوازی مامەڵە و هامەهەنگیکردن لەم دۆخە نوێیەی هاتووەتە ئاراوە".
هاوکات رافائێل گرۆسی، بەڕێوەبەری ئاژانسی وزەی ئەتۆم، ئاشکرایکرد، لەگەڵ وەزیرى دەرەوەی ئێران لەسەر شێوازی کرداری بۆ دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانی پشکنین لە ئێران رێککەوتوون.
ئەمە لەکاتێکدایە، لەکۆتایی مانگی رابردوودا وڵاتانی ترۆیکا هەریەک لە فەڕەنسا، بەریتانیا و ئەڵمانیا رەزامەندی خۆیان بۆ سەپاندنەوەی سزا قورسە نێودەوڵەتییەکان بەسەر ئێراندا دەربڕی و سێ مەرجیان بۆ تاران دیاریکرد، کە یەکێکیان دەستپێکردنەوەی هەماهەنگی بوو لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم.
|