وەزارەتی دارایی پەیامێکی بڵاوکردەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە سبەی رێکارەکانی ناردنی 120 ملیاردینار داهاتی نانەوتی بۆ بەغدا دەستپێدەکەن.
میدیای پارتی لەزاری سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی وئابوری هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە کە "سبەی دەست بە رێکارەکانی ناردنی 120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ دەکەین. رێکارەکان بریتییە لە کۆکردنەوەی پارەکە و دواتر گواستنەوەیەتی بۆ سەر هەژماری وەزارەتی دارایی عێراق".
بڵاویشیکردووەتەوە " هەر کاتێك نووسراوەی خەرجکردنی پارەکە بۆ وەزارەتی دارایی عێراق نێردرا، ئەوانیش 120 ملیار دینارەکە دەخەنە سەر هەژماری وەزارەتیی دارایی عێراق."
رۆژی سێشەممە، ٢٦ی ئابی ٢٠٢٥، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەڕێوەچوو و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا مووچەی مانگی ٦ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج بکرێت.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا کارەکانی لیژنە پێکهێندراوەکان تایبەت بە چارەسەرکردنی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و مووچە بەردەوام بن، بەڵام ئەو بابەتە گرێ نەدرا بە ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانەوە.
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق یەک مەرجی دانا بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیران کە رادەستکردنی 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیە لە لایەن هەرێمی کوردستانەوە، وەک ئەوەی بۆ مانگەکانی ئایار و حوزەیران بڕیاری لەسەر دراوە.
|