راپۆرت

بۆ یەکەمین جار هۆکاری هێرشکردنە سەر چەکدارانی لالەزار ئاشکرا کرا

نها نیوز -راپۆرت

میدیای کەناڵ 8 بۆ یەکەمین جار هۆکاری هێرشکردنە سەر چەکدارانی لالەزار ئاشکرا دەکات  و دەڵێت "چەکدارانی لالەزار بە نیازی پیلانگێری و کودەتا بوون نەک هەر لە سلێمانی، بەڵکوو لە زۆربەی شارەکان بەنیاز بوون دەست بەسەر دامودەزگاحکومیەکان و ئیدارەی سلێمانی دا بگرن و کەسی یەکەمی یەکێتیش تیرۆر بکەن."

دوای ئەوەیکە بەرەبەیانی رۆژی هەینی 22ی ئاب، هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی فەرمانی دادگا و دەستگیرکردنی تۆمەتباران چوونە لالەزار، بەڵام لەیاسادەرچوان  ئامادە نەبوون خۆیان رادەستبکەن و بەهۆیەوە شەڕە تەقە روویدا و دوای چەند سەعاتێک لالەزار کۆنترۆڵکرا و تۆمەتبارانیش لەسەروی هەموویانەوە لاهور جەنگی بورهان و براکانی دەستگیر کران، میدیای کەناڵ 8 لە سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە راستی پشت رووداوەکان ئاشکرا دەکات وهۆکاری هێرشکردنە سەر لالە زار دەخاتە روو.

میدیاکە ئاشکرای دەکات، لەناو لالەزارەوە پیلانی هەڵگەڕانەوەیەکی سەربازی داڕێژراوە وهێزە نایاساییەکان پیلانی تیرۆرکردنی چەند بەرپرسێکی باڵایان داڕشتبوو، یەکێک لە پیلانەکانیان تیرۆرکردنی بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی یەکێک بووە لە ئامانجەکانیان.
سەرچاوەکە دەشڵێت "بێجگە لەوە بە نیاز بوون لە هەولێر هێرش بکەنە سەرماڵی جێگری سەرۆکوەزیران قوباد تاڵەبانی و هەندێک بەرپرسی دیکە و هەڵگەرانەوەیەکی سەربازی روو بدات.

 لەو بارەیەوە سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کەناڵ8 ی راگەیاند، پێش رووداوەکەی لالەزار ئەگەری دروستبوونی پشێوی و تێکدانی ئارامیی شاری سلێمانی هەبوو.

جەختیشیکردەوە پیلانی هێرشکردنە سەر دامەزراوە حکومییەکان هەبووە

 میدیاکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، بۆ جێبەجێکردنی ئەم پیلانەش، چەک بەسەر هەموو هێزەکانی ناو لالەزار و شوێنەکانی دیکە کە پلانی پەلاماردانیان بۆ داناوە  دابەشکردووە، لە شوێنی دیکەشەوە هاوکاریی کراون. یەکێک لەو چەکانەشی کە بەنیاز بوون تەسفیە حساباتی خۆیان پێ بکەن و مەترسیدار بووە، درۆنی خۆکوژ بووە، چەندین قەناس بەدەستیشیان راهێناوە بۆ ئامانجە تایبەتەکان، کەیەکێک لەوانە بافڵ جەلال تاڵەبانی بووە.

هەر بە پێی زانیارییەکانى کەناڵ8، لەوکاتەى کە بافڵ جەلال تاڵەبانى سەرقاڵى کۆبونەوە و پرسی مووچە و پێکهێنانى حکومەت بوو، پیلانێک لە ئارادابوو کە ئەو جوڵانەى بوەستێندرێت.

پیلانەکە بەوشێوەیە بووە کە لەکاتێکدا بە ئامانجى بگرن کە لەسلێمانى بێت، پاشان ئەو هێزە کە لە لالەزار دانرابوون ئەوان بڵاوەیان پێ بکرێت لەناوشار و شارۆچکەکانى سنوورى سلێمانى و هەروەها لە شارى هەڵەبجە و ئیدارەکانى راپەرین و گەرمیانیش هێزیان دانابوو بۆ ئەوەى دەست بەسەر شارەکاندا بگیردرێت و تەڕ و وشک پێکەوە بسوتێنن و خودى بافڵ جەلال تاڵەبانى بەئامانج بگیردرێت، بۆ ئەو مەبەستە ئەو هێزەى کەلەسەرەوە بڕیارى دروستکردنى درا لەلایەن ئەژى ئەمین و بەرپرسانى هەولێر ئاگاداربوون.

لەگەڵ ئەوەشدا بڕیاربوو لە شارى هەولێر بەشێکى ئەو هێزەى کەواتا ئەژى ئەمین دروستى کردبوو بیانێرێتە سەر ماڵى جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان کە قوباد تاڵەبانییە.

ئەو پیلانەى دانرا بوو، رێگرى لێکرا، وە چواردەورى لالەزار گیرا، هیچ دەرفەتێک نەمایەوە، بۆیە شەوەکەى لاهور شێخ جەنگى لە پەیامێکى وەک ئاماژەیەک بۆ دۆستەکانى لە هەولێر دەڵێت، رەنگە ئەمە دواپەیامم بێت، چونکە ئەوانیش پشتیان تێکرد و  دەستەکەیان کەشف بوو.
بەڵام هیچ یەکێک لەو دوو پەیامەى شوێنى نەگرت و دۆخەکە لەبەرژەوەندى ئەونەبوو.

کاتژمێر بەرەو کۆتایی دەڕوات و لاهور شێخ جەنگى چاوەڕوانى جێبەجێبوونى هەنگاوێکى پلانەکەیەتى کە دایناوە، بۆیە رازی نییە بە خۆرادەستکردن.

پاش سێ کاتژمێر شەڕو پێکدادان سەرئەنجام لاهور شێخ جەنگى دەستگیر دەکرێت و کۆتایی بە پیلانى کودەتا و تێکدانى ئارامى شارى سلێمانى و کوشتنى سەرکردەکانى دەهێندرێت بەهاوکارى ئەژى ئەمین و ئەوانەى پشتگیریی ئەژیان دەکرد.

 
2025-08-24
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.