شاندی حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی عێراق کۆدەبنەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە بەغدا و کەمێکی دیکە کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەستپێدەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 24ـی ئابی 2025، میدیای پارتی رایگەیاند" شاندی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەو پرسانەی ناکۆکیان لەسەر هەیە، گەیشتوونەتە بەغدا و یەکەم کۆبوونەوەشیان لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق دەبێت، هاوکات شاندەکە لە وەزیری سامانە سروشتییەکان و ژمارەیەک بەڕێوەبەر لە دیوانی چاودێری دارایی و وەزارەتەکە لە خۆ دەگرێت".
بە گوێرەی زانیارییەکان دوو بابەت هەیە تاوەکوو ئێستا حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق لەسەری ڕێک نەکەوتوون، ئەوانیش داهاتە فیدراڵییەکانە، کە حکوومەتی عێراق داوا %50 داهاتی ئەو وەزارەتانە دەکات کە دەکەونە نێو داهاتیی فیدراڵی، هاوکات بابەتی دووەم ڕێککەوتنە لە سەر باج و ڕسومات.
هەروەها سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت" دەبێت لیژنە وەزارییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ڕەشنووسی کۆتایی بدەنە سەرۆک وەزیرانی عێراق تاوەکوو سێشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەبارەی مووچەوەوە بدات".
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سێشەممەی رابردوو ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی دەرکرد بە مەرجێک کە داهاتی نانەوتی رادەست بکرێت و دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە.
|