ئابوری

شاند هەرێم دەچێتەوە بەغدا و کۆتایی هەفتە مووچە خەرجدەکرێت

نها نیوز – هەواڵەکان

بڕیارە ئەمشەو شاندێکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکاتەوە بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە مووچە، نەوت و داهاتە ناوخۆییەکان. بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی باڵای عێراقیش "کۆتایی ئەم هەفتەیە مووچە خەرجدەکرێت".

بەرپرسێکی باڵای حکومەتی عێراق کە ناوی ئاشکرانەکراوە، ڕایگەیاندووە "ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان مەرجەکان جێبەجێ بکات، ئەوا ڕۆژی سێشەممەی داهاتوو بڕیاری ناردنی پارەکە دەدرێت و لە ڕۆژانی چوارشەممە یان پێنجشەممەدا مووچەکە دەنێردرێت".

لایخۆشییەوە بەرپرسێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستانیش ئاشکرایکردووە، کە حکومەتی کاربەڕێکەر ئامادەیە بۆ جێبەجێکردنی تەواوی مەرجەکان و، وتیشی "120 ملیار دیناری داهاتی ناوخۆ ئامادەیە و هەرکاتێک بەغدا داوای بکات، ڕادەستی دەکەین. هەروەها کارکردن لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتیش بەردەوامە".

جێی ئاماژەیەوە، ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی داوە، بەڵام تائێستا بڕیارەکە نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیارە ئەمشەو شاندێک لە هەولێرەوە بچێتە بەغدا.

هاوکات ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی شاندی کوردستان، گفتوگۆکردنە لەسەر ئەو خاڵە ناکۆکانەی کە لەنێوان هەولێر و بەغدا ماونەتەوە، بەتایبەتی پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم و چۆنیەتی ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ.
 
2025-08-23
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.