زانیاریی نوێ لە سەر مووچە ی مانگی 6 راگەیەندرا
نها نیوز - هەواڵەکان
سەرچاوەیەک لە حکومەتی عێراق بە میدیای پارتی راگەیاند، نوسراوی فەرمیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کە تایبەتە بە خەرجکردنی مووچەی مانگی 6 ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کرا.
بە وتەی ئەو سەرچاوەیە، ئەوەی دەمێنێتەوە رەزامەندی وەزیری دارایی عێراق و جێبەجێکردنی بریارەکەیە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رادەستکردنی 120 ملیار دینار وەک داهاتی ناوخۆ و رادەستکردنی نەوت، تاوەکو هەفتەی داهاتوو مووچەی مانگی 6 لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە خەرجبکرێت.
ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی عیراق بۆ ناردنی مووچەی مانگی حوزەیرانی فەرمانبەرانی هەرێم مەرجی ئەوەی داناوە کە هەرێم لە ماوەی 72 سەعاتی داهاتوودا کێشەی داهاتی نانەوتی و کێشەی کۆمپانیا نەوتییەکان چارسەر بکات و 120 ملیار دیناریش وەک داهاتی نانەوتیی مانگی حوزەیران رادەست بکات.
20 رۆژ لە مانگی ئاب تێپەڕیوە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی حوزەیران و تەممووزی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە.
بە گوێرەی رێککەوتنی نێوان هەردوو حکومەت، پێویستە بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان، هەولێر مانگانە 120 ملیار دینار داهاتی ناوخۆیی و رۆژانە بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی نەوتیی هەرێمی کوردستان جیا لە 50 هەزار بەرمیل پێداویستیی نێوخۆیی رادەستی بەغدا بکات.
|