تەیف سامى وەڵامی کۆتایی هەرێم دەداتەوە و لیژنەکەی هەرێمیش نوسراوێک بە سودانی دەدەن
نها نیوز – هەواڵەکان
تەیف سامى، وەزیرى دارایى عێراق رایگەیاند، پێش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە ناتوانن مووچە رەوانە بکەن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی عێراق بەمیدیای یەکێتی وت "لە کۆبوونەوەکەدا شاندی هەرێمی کوردستان و شاندی عێراق بە بەشداری وەزیرانی دارایی و پلاندانانی عێراق، گفتوگۆیان لەسەر داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان کردووە و لێکتێگەیشتنی باش هەبووە هەردوولا لەسەر زۆربەی تەوەرەکانی نێوانیان هاوڕا و نزیکبوون".
میدیای یەکێتی لەزاری سەرچاوەیەکی دیکەوە دەڵێت "تەیف سامی لە کۆبوونەوەکەدا بە شاندى هەرێمى کوردستانى راگەیاندووە؛ پێش جێبەجێکردنی رێککەوتنەکەی نێوان هەولێر و بەغدا، ناتوانن مووچە رەوانە بکەن، پاشان شاندی هەرێمی کوردستان نامەیەکی بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق ناردووە و تیایدا داوایکردووە، مووچەی مانگی حوزەیران بنێردرێت و بۆ ئەو مەبەستەش چاوەڕێی وەڵامی سودانی دەکەن".
ئەوەیش لەکاتێکدایە، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق، دوێنێ دواى کۆبوونەوەى هەفتانەى، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەى خستووەتەڕوو، بەگوێرەى بڕیاری ژمارە 550ـى ئەنجومەنەکە، بڕیاری خەرجکردنی مووچەی مانگی حوزەیرانى مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دراوە، بەڵام پێویستە لیژنە پێکهێنراوەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، راپۆرتی کۆتایی بدەنە حکومەتی فیدڕاڵی، تاوەکو تەمویلى مووچەى هەرێمى کوردستان بکرێت.
هاوکات، ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق راشیگەیاندووە، پێویستە لە هەفتەیەکدا لیژنەی هاوبەش بڕی داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان دیاریبکات و بەشی حکومەتی فیدڕاڵی بنێرێت.
|