سودەکانی خواردنی توون چییە؟
نهانیوز-تەندروستی
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئەم دواییەی کۆمپانیای کلاسیک فۆدز، “خۆراکە توونەکان، کە سەردەمانێک دەگمەن و نامۆ بوون، ئێستا بوونەتە دیاردەیەکی جیهانیی”.
ڕاپۆرتەکە بەرزبوونەوەی بەکارهێنانی خۆراکی توونی نیشانداوە و ئاماژەی بەوەکردووە، زۆرێک لە بەکارهێنەران لە سەرانسەری جیهان “بەدوای ئاستی بەرزتری توونیدا دەگەڕێن”.
چەند لێکۆڵینەوەیەکی ئەم دواییە دەریانخستووە، “ئەو کەسانەی کە خۆراکی توون بە بەردەوامی دەخۆن، بەڵام بە شێوەیەکی مامناوەند، تەندروستییەکی باشتریان هەیە و کەمتر نەخۆش دەکەون”.
دکتۆر لۆنگ نگوین، یاریدەدەری مامۆستای پزیشکی لەزانکۆی هارڤارد بەگۆڤاری تایم-ی وتووە؛ “خۆراکە توونەکان دەتوانن یارمەتی میتابۆلیزم بدەن، ئەمەش دەبێتە هۆی تێربوون و کۆنترۆڵکردنی کێش”.
ڕوونیشیکردەوە، زانایان زیاتر لەوە تێدەگەن کە چۆن ئەم خۆراکانە یارمەتی جەستە دەدەن، “هەرچەندە پێویستە لێکۆڵینەوەی زیاتر بکرێت”.
سوودەکانی خواردنی توون؛
بەرەنگاربوونەوەی قەڵەوی:
لەساڵی ٢٠٢٠دا، لەتوێژینەوەیەکدا دەرکەوت، خۆراکی دەوڵەمەند بە بیبەری توون “پەیوەندی بە کەمبوونەوەی مەترسی قەڵەوی و نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە هەیە”.
دکتۆر بۆ شاو، پزیشکی دڵ لە کۆلێژی پزیشکی لێرنەر لە کلینیکی کلیڤلاند و نووسەری سەرەکی توێژینەوەکە، هۆکاری ئەم کاریگەریانە بۆ بوونی کاپسایسین، ئەو پێکهاتەیەی لە بیبەری تووندا هەیە گەڕاندەوە.
دەڵێت؛ ئەم پێکهاتەیە کەناڵەکانی TRP هەستیار بە گەرمی لە دەمارەکاندا چالاک دەکات، لە بەرامبەردا ئەدرنالین هان دەدات کە چەوری دەسوتێنێت و یارمەتی کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن دەدات.
هاوکات جۆن هایس، مامۆستای زانستی خۆراک لە زانکۆی پێنسیلڤانیا، بۆی دەرکەوتووە، کاتێک مرۆڤ تامی خواردنی توون دەکات، خواردنەکە بە هێواشی دەجوێت، “ئەمەش ڕەنگە ببێتە هۆی کەمتر خواردن و لە ئەنجامدا کێشی تەندروستتر و هەرسکردنی تەندروست و گونجاوی ئاستی شەکری خوێن”.
کەمکردنەوەی مەترسی مردنی پێشوەختە:
هەمان توێژینەوە دەریخستووە، “ئەو کەسانەی زۆر بیبەری توونیان خواردووە ئەگەری مردنیان پێشوەختە بە ڕێژەی ٪٢٥ کەمترە لەوەی چاوەڕوان دەکرا، بە بەراورد بەو کەسانەی کە بە دەگمەن یان هەرگیز بیبەری توونیان نەخواردووە”.
بەرەنگاربوونەوەی هەوکردن:
دکتۆر لۆنگ نگوین، یاریدەدەری مامۆستای پزیشکی لەزانکۆی هارڤارد پشتڕاستی دەکاتەوە کە هەندێک زانیاری سەرەتایی دەریدەخەن “پەیوەندی لە نێوان بڕی کاپسایسین و هەندێک کاریگەری دژە هەوکردن هەیە”.
توێژینەوەکان دەریدەخەن، وەرگرەکانی TRP یارمەتی کۆنترۆڵکردنی خانەکانی بەرگریی دەدەن و زۆر چالاکی دەکەن، کەمکردنەوەی ئەو هەوکردنە کە دەبێتە هۆی نەخۆشییە درێژخایەنەکانی وەک نەخۆشییەکانی دڵ، بۆیە ئەو دەرمانانەی کە کاپسایسین دژە هەوکردنیان تێدایە هەندێک جار وەک مەڵهەم بەکاردەهێنرێن بۆ چارەسەرکردنی ئازاری دەمارەکان و هەوکردنی جومگەکان.
دژە ئۆکسێنەر:
نگوین هەروەها دەڵێت، “جگە لەوەی توونترین بیبەرەکان کە بەرزترین ئاستی کاپسایسینیان تێدایە، زۆرێک لە بیبەرەکان دەوڵەمەندن بە دژە ئۆکسێنەر”. توێژینەوەیەکی ساڵی ٢٠١٩ ئاشکرایکردووە، خواردنی بیبەری سوور، لەبیبەری سەوز پێگەیشتووترە و ڕێژەیەکی زیاتری کاپسایسین لەخۆدەگرێت.
تەندروستی دڵ:
لێکۆڵینەوەیەکی ئیتاڵی، کە لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە، تیایدا دەرکەوتووە ئەو کەسانەی بیبەری تون دەخۆن “سودێکی فراوانتریان بۆ تەندروستی دڵ وەرگرتووە” بە بەراورد بەو کەسانەی بیبەری شیرینیان پێ باشترە، یان ئەوانەی کە بەشێوەیەکی بەرچاو کاپسایسینیان تێدایە.
سوودەکانی بۆ ڕیخۆڵە:
بە وتەی دکتۆر لۆنگ نگوین، یاریدەدەری مامۆستای پزیشکی لە زانکۆی هارڤارد “خۆراکە توونەکان هەمەجۆریی مایکرۆبایۆمی(بەکتریای باشی ڕیخۆڵە) زیاد دەکەن، کە ئەرکی جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن، وەک تێکدانی خۆراک و بەهێزکردنی ناوپۆشی ڕیخۆڵە و بەرەنگاربوونەوەی میکرۆبی زیانبەخش”.
هاوکات دکتۆر ئیما لینگ، مامۆستای کلینیکی خۆراک لە زانکۆی جۆرجیا دەڵێت، توێژینەوەکان ئەوە پیشان دەدەن کە “تایبەتمەندییە باشەکانی کاپسایسین بۆ ڕیخۆڵە دەتوانێت میتابۆلیزم و هەوکردن و کۆنترۆڵکردنی شەکر و کۆلیسترۆڵی خوێن باشتر بکات”.
پاراستن لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان:
ئیما لینگ ئاماژە بەوە دەکات؛ “خۆراکە توونەکان دەتوانن بە تەواوی لە خۆراکی تەندروستدا جێیان ببێتەوە”، بەڵام هۆشداری دەدات لەوەی بیبەری تازە تەندروستترە لە بیبەری پرۆسێس کراو.
توێژینەوەیەک کە لە ساڵی ٢٠١٥ بڵاوکراوەتەوە دەریدەخات ئەو کەسانەی بەردەوام بیبەری تازە دەخۆن، نەک بیبەری وشک یان لە قوتوو نراو، “رێژەی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ و شەکرە و شێرپەنجە کەمترە”.
بۆ ئەوانەی کە سەرەتایین لە خواردنە توونەکان؛
کیران کامپبێل پسپۆڕی خۆراک پێشنیاری خواردنی توون دەکات بۆ ئەو کەسانەی هەوڵی دابەزیی کێشیان دەدەن و “ئامۆژگارییان دەکات کە بە بڕێکی کەم دەست پێبکەن و وردە وردە بڕی توونی زیاد بکەن”.
خواردنی ئەو خۆراکانەی کە کاپسایسینیان تێدایە توانای بەرگەگرتنی لەش زیاد دەکات بۆ بەرگەگرتنی گەرما.
کامپبێل پێشنیاری خواردنی ژەمە توونەکان دەکات لە هەفتەیەکدا دوو بۆ چوار جار، ئەو دەڵێت لەگەڵ بەردەوام بوون، وەرگرەکانی ئازار لە زماندا کەمتر هەستیار دەبن بە کاپسایسین “لە ماوەی نزیکەی هەفتەیەکدا”، ئەمەش ڕێگە بە خواردنی تەندروستتری بیبەری توون دەدات.
زیادەڕەویکردن لە خواردنی توون دا
ئەگەر زیادەڕەوی لە خواردنی تووندا بکەیت، دەتوانێت نیشانەکانی GERD و نیشانەکانی خراپی ڕیخۆڵە بەهێزتر بکات.”
هەروەها، یەکێک لە ڕێگاکان بۆ ئەوەی بیبەری توون چێژبەخشتر بێت هاوسەنگکردنی توونیەکەیە لەگەڵ خوێ و تامەکانی تر.
مارک سانچێز، سەرۆکی کۆمپانیایەک کە بنکەکەی لە سانفرانسیسکۆیە و بەشێوەی ئۆنلاین بیبەری توون دەفرۆشێت، دەڵێت: “ئەو خواردنانەی تامێکی سوکتریان هەیە، وەک فاسۆلیا ئاسایی پێویستیان بە بیبەرێکی تامدارترە”. ئامۆژگاریمان دەکات تۆوی بیبەرەکان فڕێ بدەین، “چونکە هیچ تام و مادەیەکی خۆراکی تێدا نییە”.
ستراتیژییەکی دیکە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ خۆراکی تووندا بریتییە لە “خواردنی لەگەڵ چەورییەکی تەندروستی، وەک شیر، یان زەیتی زەیتوون بۆ ئەوەی کاپسایسینەکە هەڵبمژێت.
سەرچاوە: ئەلجەزیرە + ماڵپەڕەکان
|