عەباس عێراقچی: ترەمپ بەدوای ڕێکەوتنە کۆتایی بە بێرێزیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران بهێنێت
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزێری دەرەوەی ئێران دەڵێت"ئەمریکا ئیسرائیلی لە شکست رزگار کرد"، وتیشی"سەرۆکی ئەمریکا ڕێکەوتنی دەوێت دەبێت کۆتایی بە بێڕێزیکردن بە ڕێبەری باڵای ئێران بهێنێت".
ئەمڕۆ شەممە 28ـی حوزەیرانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، وەڵامی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکای دایەوە و لە پەیامێکدا نووسی:" ئێمە گەلێکی لۆژیکیی سادەین لە بنەماکانمان، دەزانین چیمان هەیە، شانازیی بە ئازادیی و سەربەخۆیی خۆمانەوە دەکەین".
عراقچی دەڵێت" ئەگەر ترەمپ بەدوای ڕێککەوتنەوەیە، دەبێت دەست لەو زمانە هەڵگرێت کە ڕێزی تێدا نییە بەرانبەر ڕێبەری باڵا و جێگەی قەبوڵکردن نییە، چونکە هەستی ملیۆنان کەس لە ڕێڕەوانی بریندار دەکات".
وەزیری دەرەوەی ئێران لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی" گەلی ئێران بۆ جیهانی سەلماند، ئیسرائیل جگە لە پەنابردن بۆ ئەمەریکا، هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نەبوو بۆ دەربازبوون لە مووشەکەکانمان".
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریشیدا لەوەی"ئێران درێغی ناکات لە نیشاندانی توانا ڕاستەقینەکانی خۆی، ئەوکات هەموو خەیاڵەکان سەبارەت بە هێزی ئێران پوچەڵ دەبنەوە."
قسەکانی عەباس عێراقچی دوای ئەوە هات ڕۆژی رابردوو دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە کۆشکی سپی دوپاتیکردەوە کە ڕێبەری ئێران کەسێکی بەڕێزە بەڵام دەبێت قسەی راست بکات و قبوڵی بکات کە ئێران شکستی خواردوە، جەختیشی کردەوە لەوەی ئێران دەست بکاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ جارێکی دیکە هێرش دەکرێتەوە سەری.
|