ئابوری

نهانیوز زانیاری نوێ لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئاشکرا دەکات

نهانیوز-هەواڵەکان

ماوەی نزیک دوومانگە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابەشنەکراوە و بەغدا دەڵیت'' تەوتین بکرێت و دەبێت حکومەتی هەرێم داهاتی نەوتی و نانەوتی هەمووی رادەستی بەغدا بکات"، بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە سکاڵا لە دادگای فیدراڵی تۆمار کرا و حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرسی مووچە چاوەڕوانی دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی و دانیشتنی دادگای فیدراڵی دەکات لەم هەفتەیە.

سەرچاوەیەک لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بە نهانیوزی راگەیاند کە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشەی مووچە حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی ڕۆژی دووشەممە 16ی حوزەیران و دەستپێکردنەوەی دەوامیی فەرمی دەکەن.

باسی لەوەشکرد بڕیارە ڕۆژی دووشەممە دادگای فیدراڵی لە بارەی سکاڵاکەی فەرمانبەران و پرسی مووچەی هەرێم بڕیار بدات.

لە 28ی ئایار بەغداد بە پاساوی تەواوبوونی پشکی هەرێمی کوردستان خەرجکردنی مووچەی راگرت و ئەوەش پەیوەندییەکانی بە تەواوەتی ئاڵۆز کرد، دواتر ژمارەیەک فەرمانبەر لە دادگای فیدراڵی سکاڵایان تۆمارکرد و داوای فەرمانسالاری دادگاکەیان کرد بۆ خەرجکردنی مووچە و جەختکردنەوە لە بڕیارەکانی 21ی شوباتی 2024 کە تێیدا لەسەر سکاڵای چەند پارێزەر و هاونیشتمانییەک، هەردوو حکومەتی فیدراڵ و هەولێری بە دابینکردنی مووچە لە کاتی خۆیدا پابەندکرد.

دواتر  وەزیری  دارایی عێراق  تەیف سامی  رایگەیاند" پێویستە بە پشتبەستن بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی، هەرێمی کوردستان هانبدرێت بۆ پەلەکردن لە بەجێکردن [بەبانکیکردن]ـی مووچە و رادەستکردنی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان، تاوەکو بتوانرێت مووچەکانیان خەرج بکرێت".

 
2025-06-14
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.