ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەیەک لە یانەی وەرزشی سلێمانییەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
یانەی وەرزشی سلێمانی روونکردنەوەیەک لە سەر قسەکانی لاهور جەنگی بڵاو دەکاتەوە و دەڵێت، یانەی سلێمانی و سەرۆکەکەی هەرگیز سیاسەت و وەرزشیان تێکەڵ بەیەکتر نەکردووە، زیندوترین نمونەش بەخشینی یاریگای یانەی سلێمانی بوو بە یانەی نەورۆز.
دەقی روونکردنەوەکە:
ڕوونکردنەوە و ڕاستکردنەوەیەک لە یانەی وەرزشی سلێمانییەوە
ئەمڕۆ سەرۆکی یانەی وەرزشی نەورۆز ڕایگەیاند پێشتر و بە بڕی 360 ملیۆن دینار و دوو دەفتەر دۆلار هاوکاری سەرۆک و یانەی وەرزشی سلێمانی کردووە.
ئێمە بۆ هاندەرانی یانەکەمان و ڕای گشتی رووندەکەینەوە ئەو هاوکارییە بۆ ماوەی شەش مانگ و بە بڕی 20 ملیۆن دینار بووە و لەئیدارەی گشتییەوە و لە رێگەی سەرۆکی یانەی نەورۆزەوە، دراوەتە یانەی سلێمانی، نەوەک خودی سەرۆکی یانەکەمان بەڕێز سەرکەوت حەسەن.
بۆ هەموانیشی دوپاتدەکەینەوە یانەی سلێمانی و سەرۆکەکەی هەرگیز سیاسەت و وەرزشیان تێکەڵ بەیەکتر نەکردووە، زیندوترین نمونەش بەخشینی یاریگای یانەی سلێمانی بوو بە یانەی نەورۆز بۆ ئەنجامدانی یارییەکانی لە خولی ئەستێرەکانی عیراق، ئەوەش بەرامبەر بڕە پارەیەک بوو کە نیوەی تێچووی خزمەتکردن و ئامادەکاری یارگاکە بۆ یارییەکان نەبوو.
یانەی وەرزشی سلێمانی
١٨/٥/٢٠٢٥
|