قوباد تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە
نها نیوز - هەواڵەکان
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، لە یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتی مامۆستایانی كوردستاندا پەیامێكی بڵاوكردەوە و رایگەیاند: "پەرۆشی و هەوڵە چڕوپڕەكانتان بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانی مامۆستایان، بزوێنەری راستەقینەیە تا پێكەوە هەوڵی بێ وچان بدەین بۆ مسۆگەركردنی ئەو ماف و شایستانەی كە نەتوانراوە تا ئێستا بەدەستبهێنرێن".
دەقی پەیامەكە:
بەڕێزان سكرتارییەتی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان
مامۆستایانی خەباتگێڕی رێگای زانست
پیرۆزبایی یادی 63 ساڵەی دامەزراندنی یەكێتیەكەتان دەكەم و هیواخوازم ئەم یادە ببێتە خاڵی وەرچەرخان بۆ داهێنانی زیاتر لەكایەكانی تێكۆشانی زانستی و پیشەیی و پەروەردەیی، بەرەو هێنانەدی ئەو ئامانجانەی كەپڕۆسەی پەروەردە و فێركردنی سەردەم دەیخوازێت.
پەرۆشی و هەوڵە چڕوپڕەكانتان بۆ داكۆكی كردن لەمافەكانی مامۆستایان، بزوێنەری راستەقینەیە تا پێكەوە هەوڵی بێ وچان بدەین بۆ مسۆگەركردنی ئەو ماف و شایستانەی كە نەتوانراوە تا ئێستا بەدەستبهێنرێن.
پیرۆزبێت یادی دامەزراندنتان، سڵاو لە ئێوەی مامۆستا، هەڵگرانی چرای رووناككەرەوەی رێگای نەوەیەكی هوشیار بۆ خزمەتی نیشتمان.
قوباد تاڵەبانی
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران
|