ئاسایش لەبارەی دەستگیرکردنی باندێک ڕوونکردنەوە دەدات
نهانیوز-هەواڵەکان
ئاسایشی هەولێر سێ تۆمەتباری بە تۆمەتی دزینی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان دەستگیر کرد، دەشڵێت" تاوانبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش دەستگیر کراون و سزای یاسای دراون".
ئەمڕۆ چوارشەممە، 14ـی ئایاری 2025، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بڵاوی کردەوە، سێ تۆمەتباریان بە ناوەکانی ( م ، ح ، خ) و(ج ، ح ، خ) و (د ، م ، س)، دەستگیر کردووە کە لەناو شاری هەولێردا دزی و ڕێگرییان لە چەند هاووڵاتیەک کردووە کە دوکانی ئاڵوگۆڕیی دراویان هەیە.
باندەکە، دوای ئەوەی چاودێریی خاوەن دوکانەکانیان کردوە، لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە هێرشیان کردۆتە سەری و ڕێگەیان لێ گرتوە و سەرجەم پارەکانیان بردووە.
ئاسایشی هەولێر، ئاماژەی بەوە کردووە، جگە لەوە، چەند ئۆتۆمبێلێکیان دزیووە و تابلۆکانیان گۆڕیوە و پاشان بەو ئۆتۆمبیلانە ڕێگری و دزییان لە هاووڵاتیان کردووە.
ئاسایشی هەولێر، باسی لەوەش کردووە، لە کاتی دەستگیرکردنی تاوانبارەکاندا، دەستیان گرتووە بەسەر ژمارەیەک چەکێکی بێمۆڵەت و ژمارەیەک تابلۆی ساختەی ئۆتۆمبیل و سێ ئۆتۆمبێلی دزراودا.
بە گوێرەی ئاسایشی هەولێر تاوانبارەکان پێشینەی تاوانیان هەیە و پێشتریش دەستگیر کراون و سزای یاسای دراون.
|