کوردستان

ئەنجوومەنی وەزیران پرۆژەی ڕووناکی پەسەندکرد

نها نیوز – هەواڵەکان

ئەمڕۆ چوارشەممە 14ـی ئایاری 2025، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و تیایدا پڕۆژەی رووناکی بۆ کافرەبای 24 کاتژمێری پەسەند کرا.

لەوبارەیەوە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە، پرۆژەی ڕووناکی، کە ئامانج لێی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێرییە، یەکێکە لە پرۆژە گرنگەکانی حکوومەت و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانەی هەرێمەکە بووە، هەروەها مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو، کە بکرێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوەی و ڕیفۆرمی جیددی لە کارەبا.

بڕگەی یەکەم؛ پرۆژەی ڕووناکی:

بەگوێرەی ڕاگەیەندراووی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە گفتوگۆکردن بوو لەسەر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجوومەنەکە لەبارەی پرۆژەی ڕووناکی بـۆ دابینکـردن و دەستەبەرکردنی خزمەتگوزاریی کارەبای 24 کاتژمێری و، کەمکــردنەوەی تێچــووی بەکارهێنــان و ڕێگــريكردن لە بەهەدەردان و هاوسەنگی لە دابەشـکردن و پاراسـتنی ژیـنگە و تەندروسـتی گشـتی و جێبەجێکردنـی ئەم پـرۆژە نیشتمانییە، لەلایەن کەرتی گشتیی و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە دەبێت.

سەرۆک وەزیران لە سەرەتادا، ئاماژەی بە گرنگیی پرۆژەی ڕووناکی کرد وئاماژەی بەوە دا، پرۆژەکە بڕگەیەکی پەسەندکراوی كارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە لە مانگی تەمووزی 2019 پەسەندکرا و لەسەر بنەمای ئەو بەرنامەیە متمانە بە کابینەکە درا.

سەرۆک وەزیران، ئەم پرۆژەیەی بە یەکێک لە دەسکەوتە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ناوبرد کە داوا و خواستی چەندین ساڵەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بووە و مافێکی ڕەوا و سەرەتایی هاونیشتمانیانیش بوو کە بکرێتە ئەرکی لە پێشینەی ئەم کابینەیە بۆ ڕێکخستنەوە و ڕیفۆرمیی جیددی لە كارەبادا.

دووپاتیشی کردەوە، کە دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێری، پرۆژەیەکی نیشتیمانیيە کە خاوەندارێتی بۆ وەزارەتی کارەبایە و بە هێزی کاری خۆماڵی کەرتی گشتیی جێبەجێ دەکرێت و چەندین قازانج و سوودی گشتیی هەیە لە ڕووی ژینگەیی و تەندروستی و هەروەها خەرجییەکەشی بۆ زۆرینەی خەڵک کەمترە لەو پارەیەی کە هاووڵاتییان بە موەلیدە و پارەی کارەبای نیشتمانی پێکەوە، دەیدەن.

هاوکات سەرۆک وەزیران داواشی لە هاووڵاتییان کرد، کە بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە و بە پێی پێویستیی خۆیان کارەبا بە کاربهێنن و بەفیڕۆی نەدەن، بەو پێیەی بڕی بەکارهێنانی کارەبا، لێرە بە دواوە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هاووڵاتییان دەبێت و بە پێی بەکارهێنان پارە دەدەن، ئەمەش لە کۆتاییدا هاوکار دەبێت بۆ کەمکردنەوەی تێچووی کارەبا و بەکارهێنانەوەی داهاتی بەدەستهاتوو لە پاڵپشتی زیاتری هاوبەشانی تۆڕی کارەبای نیشتیمانی و سەرخستنی پڕۆژەکە و فراوانکردنی کە وا بڕیارە تا کۆتایی ساڵی 2026 ، تەواوی هاوبەشانی هەرێمی کوردستان سوودمەند بن لە خزمەتگوزاریی کارەبای بەردەوامی 24 کاتژمێری.

پاشان کەمال محەممەد ساڵح، وەزیری کارەبا، ڕاپۆرتێکی بەرفراوان و بە داتا و زانیاریی وردی پێشکەش کرد و باسی لە وردەکارییەکانی پڕۆژەکە و قازانجەکانی بۆ هاووڵاتییان کرد، هەروەها ئاماژەی بەو چاکسازیانە کرد کە لە قۆناخی ئەزموونیی پرۆژەکە ئەنجام درا، بە ئاراستەی کەمکردنەوەی نرخی تێچووی کڕینی کارەبا لە لایەن هاووڵاتییان و پێشکەشکردنی پاڵپشتی دارایی بۆ ئاسانکاریی لە پێناوی خۆگونجاندنی هاووڵاتیان لەگەڵ پڕۆژەکەدا.

دواتر ڕەشنووسی بڕیـاری ئەنجـوومەنی وەزیـران سـەبارەت بە پرۆژەی کارەبای 24 کاتژمێری (پـرۆژەی ڕوونـاکی) و وردەکارییەکانی بۆ ئەنجوومەن خرایە ڕوو بەمەبەستی گفتوگۆ و بڕیاردان.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە و وەڵامدانەوەی پرسیارەکانی ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئەنجوومەنەکە پڕۆژە بڕیارەکەی بە کۆی دەنگ پەسەند کرد و وەزارەتی کارەبای ڕاسپارد بۆ دەرکردنی ڕێنمایی پێویست بۆ ئاسانکاری جێبەجێکردنی بڕیارەکە کە هەر بە گوێرەی بڕیارەکە، لیژنەیەکی باڵا لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران و بەشداریی جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیرە پەیوەندیدارەکان پێکهات بۆ بەدوادچوون و هەڵسانگاندنی بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەکە وسەرخستنی بە ئاراستەی خزمەتکردنی هاووڵاتییان و ڕەچاوکردنی بارودۆخیان بە تایبەتیش کەمدەرامەتان.

بڕگەی دووەم؛ ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەش لەسەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان:

لە بڕگەی دووەمدا ، گفتوگۆ لەبارەی ڕاسپاردنی وەزارەتەکان و لایەنەکانی نەبەستراو بە وەزارەت لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە کرا بۆ هەماهەنگی و هاوکاری دەستەی هاوبەشی وردبینی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان، کە ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی ڕەشنووسی ڕاپۆرتی هاوبەشن لە سەر وردبینی دارایی هەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵ بۆ ساڵەکانی 2023، 2024 و 2025.

ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە، لە بەردەوامبوونی هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، لە هەمانکاتدا دووپاتی کردەوە کە دەبێ حکوومەتی فیدراڵ وەکوو هەرێمێکی فیدراڵ و قەوارەیەکی دەستووری ڕەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات و ڕێز لە مافە یاسایی و دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و بەشە بودجەی هەرێم وشایستە داراییەکانی لە بودجەی گشتی فیدراڵ بێ کێشە دابین بکات.

ئەنجوومەنەکە گوتیشی: هەرێمی کوردستان سەرجەم داواکارییە تەکنیکی، ژمێریاریی و یاساییەکانی حکوومەتی فیدڕاڵیی سەبارەت بە لیستی مووچە و خانەنشینیی و تەرازووی پێداچوونەوە و دابینکردنی ژمارەی کەسی بێهاوتا بۆ سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم لە سەرجەم کەرتە جیاوازەکانی خزمەتی وەزیفیی جێبەجێکردووە و، هیچ کەموکوڕییەکی تەکنیکی لەم ڕووەوە نەماوە تا بکرێتە بەهانە بۆ ڕاگرتنی خەرجکردنی شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم کە مافێکی یاسایی ڕەوای مووچەخۆرانە و دادگای باڵای فیدڕاڵیش بە ئاشکرا جەختی لەم مافە کردووەتەوە.

 
2025-05-14
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.