نهانیوز-هەواڵەکان
حەج و عومرەی کوردستان ڕایدەگەیەنێت" حاجیانی کوردستان 2000 دولاریان بە نرخی بانکی ناوەندی، كە 100 دۆلار بە 132 هەزار دینارە، پێ دەدرێت و لەمڕۆوە لە بانكی جیهان پێدانی دۆلار بە حاجییان دەستپێدەكات"، دەشڵێت"هەر حاجییەک 200 هەزار دینار قازانج دەکات".
كاروان ستونی، وتەبێژی حەج و عومرەی كوردستان بە میدیاکانی ڕاگەیاند" بە هەوڵی بەردەوامی بەرێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی ناوەندی فیدڕاڵ و بە مەبەستی گۆڕینەوەی 2000 دولار بۆ هەر حاجییەک بە نرخی 132000 لەمڕۆوە حاجیان دەتوانن لقەکانی بانکی جیهان بکەن بە مەبەستی سوودمەندبوونیان لەو بڕە پارەیە".
ڕوونیشی كردەوە" هەر حاجییەک زیاتر لە ٢٠٠ هەزار دینار بۆ دەگەڕێتەوە ئەگەر دولار لە بازاڕ بکرێت، کە لەم کارەدا 5136 حاجی سوود مەند دەبن، کە ئەگەر هەموو حاجییەکان بڕە پارەکە بگۆڕنەوە کۆی سوودەکە بۆ حاجیانی کوردستان زیاتر دەبێت لە یەک ملیار دینار عیراقی".
دەشڵێت" هەموو داتایەکیان داوەتە بانکی جیهان و هەر حاجییەک بیەوێت پارەکە بگۆڕێتەوە پێویستە پاسپۆرت و ڤیزاکەی لەگەڵ خۆی ببات و نابێت هیچ کەسێک لە جیاتی کەسێکی دیکە پارەکە وەربگرێت و لقەکانی بانکی جیهان لە هەولێر و سلێمانی هەن و حاجیانی شاری دهۆکیش دەتوانن سەردانی شاری هەولێر بکەن بۆ ئەم مەبەستە".
بە پێی ئەو کاتانەی، کە دیاری کراوە لە شەفتی بەیانیان کاتژمێر 9 بەیانی تاوەکو 12 نیوەڕۆ و شەفتی ئێواران کاتژمێر 3 ئێوارە تاوەکو 5 ئێوارە و شەفتی سێیەم کاتژمێر 7 شەو تاوەکو 10:30ی شەو لقەکانی بانکی جیهان کراوە دەبن.
ئەوەش لە کاتێکدایە 16ـی ئەم مانگە هەزار و 645 حاجی بەڕێگای وشکانی و 19ـی ئەم مانگەش سێ هەزار و 491 حاجی بە ڕێگەی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەجێهێنانی فەریزەی حەج بەرەو سعوودیە بەڕێ دەکەون.