وەزیری نەوتی ئێران و وەزیری کارەبای عێراق کۆبوونەوە
نهانیوز-هەواڵەکان
وەزیری نەوتی ئیران و وەزیری کارەبای عێراق جەختیان لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش لە کەرتەکانی وزە، کارەبا، و غاز کردەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، 13ـی ئایاری 2025، موحسین پاکنەژاد، وەزیری نەوتی ئێران و زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق لە تاران کۆ بوونەوە.
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی شانای ئێران، کۆبوونەوەکە لە بارەگای وەزارەتی نەوتی ئێران بەڕێوە چوو و تیایدا هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی پەیوەندییە ستراتیجییەکانی نێوانیان کردەوە، هەروەها بە پێویستیان زانی هاوکاریی هاوبەش لە بواری کەرتی وزە بەهێزتر بکەن.
ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش داوە، هەردوو وەزیر جەختیان لە فراوانکردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کردووەتەوە، چونکە پەیوەندی قووڵ لە نێوان عێراق و ئێران لە بوارەکانی مێژوویی و فەرهەنگی و ئاینیی و سیاسی هەیە.
ئاژانسەکە ئەوەشی ئاشکرا کردووە، هەردوولا باسیان لە ڕێگاکانی پەرەپێدانی پرۆژەی هاوبەش لە کەرتەکانی وزە، کارەبا، و غاز کردووەتەوە، هەروەها بەرزکردنەوەی ئاسایشی وزە و خزمەتکردنی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیانی هەردوولا بابەتێکی دیکەی گفتوگۆکان بووە.
ئەوەش لە کاتێکدایە کە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و بەتایبەت سنووردارکردنی عێراق بۆ کرینی غاز لە ئێران، عێراقی ڕووبەڕووی ئالنگاری گەورە کردووەتەوە
|