کوردستان

کەجەکە: هیچ رێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و تورکیادا نییە

نها نیوز - هەواڵەکان

بەرپرسێکی کەجەکە ئاشکرایکردووە، پەکەکە تاکلایەنە نیازپاکیی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەریی دیموکراسییانە، بۆیە "هیچ ڕێککەوتنێک لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتدا نییە".

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی پەیوەندییەکانی دەرەوەی کۆما جڤاکێن کوردستان- کەجەکە، لە لێدوانەکەیدا بۆ بی بی سی فارسی، لەبارەی بڕیارەکانی کۆنگرەی 12ی پارتەکەوە وتی "ئەوەی تائێستا کراوە ڕاگەیاندنی نیازپاکی تاکلایەنەی پەکەکەیە و هەنگاونانە بۆ ڕێگەی چارەسەریی کێشەی کورد بەشێوەیەکی دیموکراسییانە، ئێستا ئیتر کاتی ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هەنگاو بنێت لەبارەی چارەسەریی و ئەوەشی لە داهاتودا ڕودەدات.

وتیشی "بەتەواوەتی پەیوەستە بە هەنگاوەکانی تورکیاوە، کە هەنگاوی یاسایی و سیاسیی لەخۆدەگرێت.

وتەبێژەکەی کەجەکە رونیشیکردەوە "تائێستا هیچ جۆرێک لە ڕێککەوتن و پەیمانێکی نوسراو و زارەکیی لەنێوان پەکەکە و دەوڵەتی تورکیادا نەکراوە".

زاگرۆس هیوا ئەوەشی خستوەتە روو، بۆ ئەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان ڕێبەری پەکەکە بتوانێت پڕۆسەی چارەسەریی بەڕێوەببات، دەبێت جەستەیی ئازاد بکرێت و دڵناییش لە پارێزراویی و ئاساییشی بدرێت و ئازادانە پێشەنگەیاتی پرسەکە بکات.

 ئەوەش لەکاتێکدایە، دووشەممە 12ی ئایاری 2025 پەکەکە، ئەنجامی کۆنگرەی 12ی خۆی راگەیاند، کەلە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو، بەپێی ئەنجامی کۆنگرەکە پەکەکە بە فەرمی خۆهەڵوەشاندنەوەی خۆی راگەیاند.
2025-05-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.