جیهان

ئەردۆغان بێهێزی خۆی لەوەڵامدانەوەی چەکدانانی پەکەکە نیشاندا

نها نیوز - هەواڵەکان

بەپێی رۆژنامەی ئەلعەرەب، تائێستا نازانرێت تورکیا چۆن وەڵامی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە بداتەوە.

دوێنى پەکەکە بڕیارەکانى کۆنگرەى 12ـى بۆ رایگشتى ئاشکراکرد و بەبڕیاری زۆرینەى رەهاى ئەندامانى کۆنگرە خۆی هەڵوەشاندەوە و بڕیارى چەکدانانیدا.

رۆژنامەى عەرەب چاپی لەندەن نوسیوویەتى "کوردەکانى عێراق خۆشحاڵی خۆیان دەربڕی و دیمەشقیش پێیوایە فشارێک دەکەوێتە سەر هێزەکانى سوریاى دیموکرات و پێدەچێت زیاتر لە ئەحمەد شەرعیان نزیک بکاتەوە و پابەندى ریککەوتنەکانیان بن.

نوسیویشیەتی "پەکەکە بڕیارە چارەنووسسازەکەى دا، بەڵام تورکیا چى دەکات و هەنگاوەکانى ئەو چى دەبن، ئاخۆ کەى پەکەکە لە لیستى تیرۆر دەهێنێتە دەرەوە و لێبوردن بۆ سەرکردە و چەکدارەکانى ئەو پارتە دەردەکات؟.

بەپێی رۆژنەمەکە بێت، چارەسەرکردنى توڕەیی شەقامی تورکیش یەکێکى دیکەیە لە کێشەکانى بەردەم تورکیا و هەر ئەوەش وایکردووە بە سێ قۆناغ پەکەکە چەکەکانیان دابنێن و رادەستى لایەنى سێیەمی بکەن.

ئەوەش خراوەتە روو، هێشتا تورکیا بە روون و راشکاوى دانیبەوەدا نەناوە چارەنووسى عەبدوڵا ئۆجەلانى سەرۆکی پارتەکە چى دەبێت.

ئەوە لەکاتێکدایە بەشێکی زۆر لە شەقامی تورکیا ئاماژە بەوە دەکەن کۆتاییهێنان بە کێشەى پەکەکە واتە گەڕاندنەوەى ئاسایش و ئارامی بۆ تورکیا و سەرکەوتنى ئەردۆغان لە دانوستانەکاندا.
2025-05-13
زیاتر...
Copyright © All rights reserved.