لئۆی چواردەهەم؛ چ نهێنییەک لە پشت هەڵبژاردنی ناوە نوێیەکەی پاپا هەیە؟
نهانیوز
ئا: سروە عەلی
کاردیناڵ ڕۆبەرت پرێڤۆست وەک سەرۆکی نوێی کەنیسەی کاسۆلیکی هەڵبژێردرا و ناوی لئۆی چواردەهەمی هەڵبژارد.
پاپا تەمەنی 69 ساڵە، یەکەم ئەمریکییە کە ببێتە پاپا و سەرکردایەتی کۆمەڵگەی جیهانی دەکات کە یەک ملیار و 400 ملیۆن کاسۆلیکی تێدایە.
لە شیکاگۆ لەدایکبووە، وەک کەسایەتییەکی چاکسازیخواز ناسراوە و ساڵانێکی زۆر وەک میسیۆنێر لە پیرۆ بەسەر بردووە پێش ئەوەی ببێتە کەسێکی ئایینی.
ناوبراو هەروەها خاوەنی ڕەگەزنامەی پیرۆیە و وەک کەسایەتییەکی باو یاد دەکرێت کە لەگەڵ کەسانی بێبەش و پەراوێزخراو کاردەکات و ڕۆڵێکی یەکگرتووی لە کەنیسەی ناوخۆییدا گێڕاوە.
- بۆچی پاپاکان ناوێکی نوێ بۆ خۆیان هەڵدەبژێرن؟
یەکێک لە یەکەم کارەکانی پاپای نوێ هەڵبژاردنی ناوێکی نوێیە، کە لەبری ناوی ئاساییەکەی بەکاری دەهێنێت، ئەم هەڵبژاردنە ڕەگ و ڕیشەی لە نەریتێکی دوور و درێژدا هەیە، هەرچەندە هەمیشە وا نەبووە و بۆ زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ پاپاکان ناوی ڕەسەنی خۆیان بەکاردەهێنا.
پاشان ئەم نەریتە گۆڕا بۆ هەڵبژاردنی ناوی ڕەمزی؛ هەندێک جار بۆ سادەکردنەوەی ناوەکەی و هەندێکجاریش بۆ ئاماژەدان بە پاپاکانی ڕابردوو.
بە تێپەڕبوونی کات، زۆرێک لە پاپاکان بەهۆی ڕێزگرتن یان سەرسامبوونەوە ناوی پاپاکانی پێشوویان وەرگرتووە؛ هەڵبژاردنێک کە نیشانەی خواستێک بوو بۆ پەیڕەوکردنی ڕێگاکەیان و درێژەدان بە قۆناغە دیار و کاریگەرەکانی پاپای ڕابردوو.
بۆ نموونە پاپا فرانسیس ئاشکرای کردبوو کە ناوی خۆی بۆ ڕێزلێنان لە فرانسیسی ئاسیسی هەڵبژاردووە و لەم هەڵبژاردنەدا ئیلهامێکی لە هاوڕێ بەڕازیلییەکەی( کاردیناڵ کلۆدیۆ هۆڵمز) وەرگرتووە.
- بۆچی پاپای نوێ ناوی لئۆی چواردەهەمی هەڵبژارد؟
تا ئێستا پاپای نوێ بە فەرمی هۆکاری هەڵبژاردنی ناوی لئۆی چواردەهەمی ئاشکرا نەکردووە.
لەوانەیە هۆکاری جۆراوجۆر لە پشت ئەم هەڵبژاردنەوە هەبن، بەڵام ناوی "لئۆن" پێشتر لەلایەن زۆرێک لە پاپاکانەوە بەکارهێنراوە.
هەڵبژاردنی ئەم ناوانە هەندێک جار ئاماژەیە بۆ ڕەوتی تایبەت لە نەریتی کڵێسادا، کە بۆ زانایان و ئەوانەی ئاشنان بە نەریتی کڵێسا مانادارە. هەروەها ناوی هەڵبژێردراوی پاپای نوێ وەک جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونی بە ئاشتی لێکدراوەتەوە.
ئەم ناوانە بە شێوەیەکی سروشتی لە ناوی کەسایەتییە ئایینییەکان لە کتێبی پیرۆز یان پیرۆز و کەسایەتییە دیارەکانی ناو کەنیسە هەڵدەبژێردرێن، کە لە مێژوودا بە زمانە جیاوازەکان بە شێوەیەکی جیاواز گوتراون.
یەکەم کەس کە ئەم ناوەی هەڵگرتبوو، پاپا لئۆی یەکەم بوو کە بە "لئۆی گەورە" ناسراوە، کە لە ساڵانی 440 تا 461ی زایینی سەرکردایەتی کڵێسای کردووە.
- کام ناو لە نێو پاپاکان زۆرترین ناوبانگیان هەبووە؟
"لئۆن" یەکێکە لە ناوە بەناوبانگەکانی پاپا.
باوترین ناوی "ژان" بوو، بۆ یەکەمجار لەلایەن ژانی یەکەمەوە لە ساڵی 523ی زایینی هەڵبژێردرا.
دوایین پاپا کە ناوی "ژان"ی وەرگرتووە، پاپایەکی ئیتاڵی بووە بە ناوی ئەنجێلۆ جوزێپی ڕۆنکالی، کە لە ساڵی 1958 بە پاپای یۆحەنای سێزدەیەم هەڵبژێردرا و لە ساڵی 2014 لەلایەن پاپا فرانسیسەوە پیرۆزکرا.
|